سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە

17-09-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە کۆمەڵێک پرس تاوتوێ بکەن، لەوانە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کە ئامادەکراوە و بۆ ئەندامان دەخرێتەڕوو؛ پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی یەکێتی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سبەی یەکشەممە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆدەبێتەوە. 
 
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک بکرێت، لەوانە؛ هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کە لەلایەن فەرید ئەسەسەرد، رەفعەت عەبدوڵڵا و تەلار لەتیف ئامادەکراوە و لە کۆبوونەوەکە دەخرێتەڕوو، کە جگە لە سیستمی هاوسەرۆکی چەند گۆڕانکارییەکی دیکە لە پەیڕەوەکەدا کراوە. پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی کە ئێستا لە "قۆناخێکی باشدایە"؛ هەروەها دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی یەکێتی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق باس دەکرێن. 
 
دوایین جار 28-8-2022، سەرکرادیەتی یەکێتی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆبووەوە، کە لە کۆبوونەوەکە لەبارەی هەمواری پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە گفتوگۆ کرا و پەیڕەوێکی نوێ پەسندکرا کە تێیدا سیستمی هاوسەرۆکایەتی هەڵوەشایەوە. دواتر بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەكێتی بەربژێر کرد و بە دەنگی 89 ئەندامی ئەنجوومەنەکە وەکو سەرۆکی حیزب هەڵبژێردرا.
 
دوای کۆبوونەوەکە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکرابوو، جێگر بۆ سەرۆکی حیزبەکە دادەنرێت یاخود نا. هەروەها باس لە پڕکردنەوەی شوێنی ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی نەکرا کە پێشتر سڕکرابوون یاخود دەرکرابوون.
 
ئەو گۆرانکارییانە لە کاتێکدا بوو، بافڵ تاڵەبانی تاوەکو کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى هیچ پۆستێکى حیزبی نەبوو، پاشان لە کۆنگرەی چوارەمدا بە 791 دەنگ بە ئەندامى سەرکردایەتى هەڵبژێردرا و سیستمی هاوسەرۆکایەتی بۆ یەکێتی دیاریکرا. دواتر بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى سەرکردایەتى بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بوونە هاوسەرۆکی یەکێتی.
 
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوون تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە