بارۆی شرناخ دژی بڕینەوەی دار سکاڵا لە دادگە تۆمار دەکات

17-09-2022
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەندیکای پارێزەرانی شرناخ داوایەکی یاسایی دژی بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی دارستانەکان لە دادگەی کارگێڕیی مێردین تۆمارکرد.
 
رۆژی 8ی حوزەیرانی 2022 سەندیکای پارێزەرانی شرناخ داوایەکی فەرمیی پێشکێشی بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی دارستانەکان لە شرناخ کرد بۆ راگرتنی هەڵمەتی بڕینی داری دارستانەکانی ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان؛ هەروەها داوای لە بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد هۆکاری داربڕینەکان روونبکاتەوە و ئەو کۆمپانیا و لایەنانەش ئاشکرا بکات کە دارەکان دەبڕن.
 
بەهۆی وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکەیان، سەندیکای پارێزەرانی شرناخ سکاڵای یاسایی دژی بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی دارستانەکان لە دادگەی کارگێڕیی مێردین تۆمار کرد.
 
سەندیکای پارێزەرانی شرناخ لە سکاڵاکەدا دەڵێت، ماوەی دوو ساڵە بە شێوەیەکی بەردەوام داری دارستانەکان، بەتایبەتی لە چیای جودی و ناوچە شاخاوییەکانی دیکە، دەبڕدرێن و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژینگەی ناوچەکە هەبووە.
 
لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی دارستانەکانی رووها لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا و بەهۆی داربڕینەوە دارستانەکانی پارێزگاکە بە رێژەی 8% کەمبوونەتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی سکاڵاکەی شرناخدا ئاماژە بە ماددەی 169ی دەستووری تورکیا کراوە کە باس لە گرنگیی پاراستنی دارستانەکان و زیادکردنی سەوزایی و بەردەوامی لە بەڕێوەبردنی کەمپەینی چاندنی نەمام و دار دەکات.
 
سەندیکای پارێزەرانی شرناخ جەخت لە زیانی سووتانی دارستانەکانیش دەکاتەوە کە دوای کوژاندنەوە و دامرکاندنیان، کاری جیددی ناکرێت بۆ دووبارە چاندنەوەی دار و بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە