ئەندامێکی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە سلێمانی کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 09:00ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 17-9-2021 ئەندامێکی کۆمیتەی شەهیدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی تەقەی لێکرا و کوژرا.
سامان نادر، بەڕێوبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند: "تیمەکانمان ئاگادار کراونەتەوە لە رووداوێکی تەقەکردن و بوونی بریندارێک لەگەڕەکی چوارچرا، بەڵام پێش گەشتنی تیمەکانمان بریندارەکە گیانی لەدەستداوە”.
سامان نادر ئاشکرای کرد: "ئەو پیاوەی گیانی لە دەستداوە بەپێی ئەو ناسنامانەی کە پێی بووە، ناوی یوسف موراد بووە، تەمەنی 65 ساڵە، چوار فیشەک لەپێشەوە بەری کەوتووە و هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە، ئێستا تەرکەمەی لە پزیشکی دادی سلێمانییە".
بەپێی میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەو کەسەی کوژراوە ناوە راستەقینەکەی (یاسین بولوت)ە و ناسراوە بە "شوکری سەرحەد". بەڵام بە گوێرەی ناسنامەکەی کە پێی بووە ناوی یوسف مورادە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فوراتی پارتی کرێکارانی کوردستان یاسین بولوت لە ساڵی 1957 لە شاری قەرسی باکووری کوردستان لەدایکبووە، ساڵی 1978 پەکەکەی ناسیوە و لە کاتی کودەتاکەی 12ی ئەیلولی 1980دا لە تورکیا دەستگیرکراوە و لە زیندانی ئامەد زیندانی کراوە.
یاسین بولوت ساڵی 1991 لە زیندان ئازادکراوە، پاشان رووی لە چیا کردووە و بووەتە گەریلا. ماوەی 15 ساڵ ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە بوو لە باشووری کوردستان.