بەشێکی باخچەی ساوایانی حکومییەکانی سلێمانی دەکرێنە دوو دەوامی

17-09-2019
ژیوار عەبدولڕەحمان
نیشانەکردن باخچەی ساوایان سلێمانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

بەهۆی زۆریی ژمارەی منداڵان و کەمیی باڵەخانەی باخچەی ساوایان، لەمەودوا رۆژانە دوو دەوام لە باخچەی ساوایانی حکومییەکانی رۆژهەڵاتی سلێمانی دەکرێت.

لە نووسراوێكدا بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی کە ئاراستەی سەرجەم باخچەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەی کردووە داوا دەکات به‌هۆی‌ زۆریی‌ منداڵاَن و كه‌می‌ بینای‌ باخچەكانی منداڵان، ده‌وامێكی‌ دیکە زیادبکەن.

نازدار ئەحمەد کەریم، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی باخچەكان و زۆری ژمارەی منداڵانی باخچەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژهەڵات بڕیارماندا بە گۆڕینی دەوامی سەرجەم باخچەكانی سنووری بەڕێوەبەریەتیەكەمان لە یەك دەوامیەوە، بۆ دوو دەوامی".

لە سنووری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی 13 باخچەی ساوایانی حکومی هەن، هەروەها 2000 قوتابیی باخچەی ساوایان هەن کە، دەبێت لە هەر پۆلێکیان 25 بۆ 30 قوتابی بخوێنن، بەڵام ئێستا لە هەر پۆلێکی باخچەی ساوایانی ئەو سنوورە، 35 بۆ 40 قوتابی هەن. 

نازدار ئەحمەد دەڵێ "هۆکاری کەمیی باخچەی ساوایان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە: لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە باڵەخانەی تازە بۆ باخچەی ساوایان دروستبکات، بۆیە ئێمە بەناچاری دەوامی باخچەکانمان کردووە بە دوو دەوام".

ئەم بڕیارە تەنها باخچەی ساوایانی حکومی دەگرێتەوە، نازدار ئەحمەد دەڵێ "بڕیارەکە پەیوەندی بە باخچەی ساوایانی ناحکومییەکانەوە نییە و، ئەوان لەسەر شێوەی دەوامی خۆیان بەردەوام دەبن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە