لایەنەکان زیاتر لە 30 ملیار دیناریان بۆ بانگەشەی بەربژێرەکانیان خەرجکردووە

رووداو - هەولێر

چەند رۆژێکە بازاڕی ئاسنگەر و چاپخانەکان تەواو گەرمبووە. 28 لیست و قەوارە و کاندیدی سەربەخۆی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، زیاتر لە 30 ملیار دیناریان بۆ بانگەشەی کاندید و لیستەکانیان خەرج کردووە.

بەشی زۆری ئەو بڕە پارەیەش، کاندیدەکان لە چاپخانە و پێداویستەییەکانی پۆستەر و دانان و هەڵواسینی پۆستەر خەرجیدەکەن.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەر کاندیدێك بڕی 10 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە. بەربژێرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەر لە هەمووان دەستیان بە خۆئامادەکردن کرد، چونکە حیزبەکەیان پێش هەموو لایەنەکانی دیکە بۆ هەڵبژاردن بڕیاری خۆیدابوو و، هەر بەربژێرێکی پارتی بۆ خۆناساندنی بە خەڵک، بڕی 10 هەزار دۆلاری وەرگرتووە.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان 15 ملیۆن دیناری بۆ هەر بەربژێرێکی خەرجکرد، بەڵام بۆ ئەمساڵ بۆ هەر بەربژێرێک بڕی 10 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە.

بزووتنەوەی گۆڕانیش لەم هەڵبژاردنەدا هەم شێوازی بانگەشەکەی گۆڕیوە، هەم خەرجیەکانیشی کەمتر کردووەتەوە، بۆ بانگەشە لیستی گۆڕان و خەرجی هەر 100 کاندیدەکەی بڕی 500 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە، گۆڕان بڕیاری داوە کەمترین ئاڵا و پۆستەر لە شەقامەکاندا هەڵبواسێت.

هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح کە یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی پێکیانهێناوە، بارودۆخی داراییان نەیهێشت دەستکراوەبن لە خەرجکردنی پارە بۆ خۆناساندنیان، بۆیە بڕیاریان وایە لەبری ئاڵاپۆشکردنی شەقامەکان، کۆڵان بە کۆڵان لە دەرگای دەنگدەران بدەن.

قەیرانی دارایی و گۆڕینی شێوازی بانگەشەی حیزبەکان، خەرجی بەشێک لە بەربژێر و قەوارەکانیشی کەمکردووەتەوە،  پارتی بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان شەش ملیۆن دینار کەمتری داوە بە کاندیدەکانی و، یەکێتیش پێنج ملیۆن دیناری لێ بڕیون. 

حیزبە ئیسلامیەکانیش خەرجییان کردووە بە نیوە، گۆڕان بودجەی هەڵبژاردنی پێشووی کردووە بە سێ بەش و، بۆ ئەم جارە یەک بەشی خەرج کردووە.



داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار