قوتابییەکی 12ی ئامادەیی لە پارێزگای هەولێر گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکدا قوتابییەکی 12ی ئامادەیی لە سنووری قەزای رواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بە گولـلە گیانی لەدەستدا. کەسوکارەکەی دەڵێن، خۆکوژی بووە و پۆلیسیش چاوەڕێی دادپزیشکییە.
 
عەقید شەماڵ سوورچی، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، هێزەکانیان لە هەبوونی تەرمی کچێک ئاگادار کراونەتەوە و دوای گەیشتنیان، تەرمەکەیان گەیاندووەتە دادپزیشکی.
 
قوتابییەکە ناوی رۆژان ئیدریس عومەرە. رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ لە قەزای رواندز روویداوە. کەسوکارەکەی بە ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداویان گوت، "رووداوەکە خۆکوژی بووە."
 
پۆلیسی سۆران بۆی روون نەبووەتەوە گیانلەدەستدانەکەی رۆژان خۆکوژی بووە یان کوشتن. عەقید شەماڵ سوورچی دەڵێت، "بۆ زانینی چۆنێتی رووداوەکە چاوەڕوانی وەڵامی دادپزیشکین کە رۆژێک بۆ دوو رۆژی پێویستە."
 
ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی خولی دووەمی 12ی ئامادەیی دەستیپێکرد. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژان ئیدریس ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی هەبووە.
 
رۆژان قوتابی بووە لە قوتابخانەی ئامادەیی (شەهید حەسەن ئاغا)ی تێکەڵاو - بەرزێوە، بەشی زانستی.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رواندز لە دوو راگەیێندراوی جیادا سەرەخۆشیان لە کەسوکار و هاوڕێیانی قوتابییەکە کردووە.
 
هەر دوێنێ هەینی دوو رووداوی دیکەی کوشتن لە هەرێمی کوردستان هەبوون؛ یەکێکیان کوژرانی گەنجێک لە چەمچەماڵ و ئەوی دیکەش گەنجێکی ئەندامی کۆماندۆ لە رانیە.