سەندیکای کرێکاران: ئەم ساڵ 3520 کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

17-08-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
دوو کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردن. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ
دوو کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردن. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 3520 کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەندامێکی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی و سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان دەڵێت، "بەهۆی دۆخی ژیانەوە لە هەرێمی کوردستان، کرێکاری نێوخۆیی ناتوانێت کێبڕکێی کرێکاری بیانی بکات." 
 
هاتنی کرێکاری بیانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە. بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە یەکێتی و سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستانەوە دەست رووداو کەوتووە، لە ساڵی 2008ـەوە 89 هەزار و 933 کرێکار لە رێگەی وەزارەتی کارەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە. عەبدولقادر ئەحمەد ناوپردانی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی و سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژدا بۆ رووداو گوتی،"هەموو کرێکارێک دەتوانێت بۆ 8 ساڵ گرێبەستی کارکردنی نوێبکاتەوە، بەڵام هیچ ئامارێکمان نییە ئایا لەو 89 هەزار کرێکارە، چەندیان گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان."
 
لەبارەی ئامارەکانی 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، عەبدولقادر ناوپردانی گوتی، " لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 3 هەزار و 520 کرێکار لە رێگەی وەزارەتی کارەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا کرێکاری پڕۆژە کەمبوونەتەوە و ئەم ساڵ هیچ کرێکارێکی پڕۆژە نەهاتووە، بەڵکو هەموو ئەوانەی هاتوون کرێکاری ماڵ بوون."
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی سەندیکای کرێکارانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عێراق 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و 70%یان بێ مۆڵەت کار دەکەن، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 42 هەزار کرێکاری بیانی لە وەزارەیەکەیان تۆمارن.
 
کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان لە چەند کەرتێک کار دەکەن، بە تایبەتی خواردنگەکان و بیناسازی و ماڵان. عەبدولقادر ناوپردانی دەڵێت، هەموو ئەو کرێکارانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، تۆمارکراو نین، بەڵکو "بەشێکی کرێکاران لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ و وەبەرهێنان و گەشتوگوزارەوە دێن، دواتر دەمێننەوە و دەست بە کارکردن دەکەن". "لە هەرێمی کوردستان ویستێک هەیە بۆ ئەوەی ژمارەی کرێکارای بیانی کەمبکرێتەوە"، ناوپردانی وای گوت.  
 
لە هەرێمی کوردستاندا کرێکاری بیانی بە رۆژانەیەکی کەمتر و مانگانەیەکی کەمتر لە کرێکاری نێوخۆیی کاردەکات. بۆیە کرێکاری نێوخۆیی گلەیی لە زۆربوونی کرێکاری بیانی دەکات و دەڵێت، زۆری کرێکاری بیانی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەلی کار بۆیان. 
 
ئەندامەکەی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی و سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان دەڵێت، کێبڕکێکردنی دەرفەتی کار لەنێوان کرێکاری بیانی و نێوخۆیی سەختە، چونکە "ناکرێت کرێکاری وڵاتێکی هەژار بەراورد بە کرێکارێکی خۆماڵی بکرێت. رەنگە کرێکارێکی بیانی لێرە بە 500 هەزار دیناری مانگانە کار بکات. ئەوان 8 کەس لە خانوویەک دەمێننەوە و بڕە پارەیەکی کەمیان وەک کرێ بەردەکەوێت، 150 هەزار دینار دەنێرێتەوە و رەنگە یەک خێزانی پێ بەرێوەبچێت. ئەو کرێ کەمەی لێرە وەری دەگرن بۆ ئەوان زۆرە، بەڵام بۆ ئێمە کەمە و لێرە تەنیا کرێی خانوو رەنگە بگاتە 450 هەزار دینار، بەو شێوەیە ناتوانی کێبڕکێی پێبکەی لەگەڵ کرێکاری بیانی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".