رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بارەگای بارزانی دەڵێت، سازش لە کوردستانیبوونی کەرکووک ناکەین. "دەبێت پارێزگاری کەرکووک کوردێکی میانڕەو بێت و رێککەوتنی چەواشەکارانە، ئەنجامەکەی شکستە."
ئەمڕۆ شەممە (17ی ئابی 2024) خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی رایگەیاند، "سازش لە کوردستانیبوونی کەرکووک ناکەین؛ كەرکووک دڵی کوردستانە. هەروەک سازش لەسەر کوردستانیبوونی ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ناکەین."
بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی 10ـی ئابی 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە بەغدا کۆبووەوە. رێبوار تەها لە پشکى یەکێتیی نیشتیمانیى کوردستان وەک پارێزگار و محەممەد حافز وەک سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا هەڵبژێردران.
گوتەبێژی بارەگای بارزانی دەشڵێت "ناڕەزایەتیی ئێمە لە پێشێلکردنی رێککەوتنی نیشتمانی و جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی سەیر و نامۆیە کە ئامانجی هێنانە کایەی کێشە و ناهاوسەنگییە."
رۆژی 13ـی ئابی 2024 لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لە کۆشکى بەغدا مەرسوومى کۆماریی رادەستى رێبوار تەها کرد بۆ ئەوەى بە فەرمى وەک پارێزگارى نوێى کەرکووک دەستبەکار بێت.
خالیدە خەلیل ئاماژەی بەوەش کردوو "پارێزگاری کەرکووک دەبێت کوردێکی میانڕەو بێت؛ هەروەها دەبێت لایەنە کوردییەکانی دیکەش لەسەری رازی بن. پێویستە رێککەوتن لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی بکرێت. جگە لە رازیکردنی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایەدا (بەپێی رێژە و پێگەیان) پێکەوە دەژین."
رێبوار تەها، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، 29 هەزار و 861 دەنگى بەدەستهێنا و دووەم زۆرترین دەنگى سەر ئاستى پارێزگاکەى بوو.
گوتەبێژی بارەگای بارزانی روونیکردووەتەوە، "بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، ناکرێت سازش و قوربانی بە هەندێک ناوچەی دیکەی کوردستانییەوە بدرێت. یان پێگە و پۆستەکانی کورد بفرۆشرێن بۆ ئەوەی پارێزگاکە بخرێتە نێو ئەجێندای نامۆ کە هەندێ لایەن کاری بۆ دەکەن."
ئەوە یەکەمجارە لە دواى هێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە 16ـی ئۆکتۆبەرى 2017ـەوە، پۆستى پارێزگارى کەرکووک دەدرێتەوە کورد. ئەو کات حکومەتی عێراق، راکان جبووریی بە وەکالەت کردە پارێزگاری کەرکووک.
گوتەبێژی بارەگای بارزانی دەڵێت: بەکورتی و پوختی، "ئەو رێککەوتنانەی بەشێوەی چەواشەکاری ئەنجام دەدرێن، درەنگ بێ یان زوو، چارەنووسیان تەنیا شکستە."
رێبوار تەها دوای رێوڕەسمی سوێندخواردنی، بووە یەکەمین پارێزگاری کورد کە پاش هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 پێی نایەوە ناو باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک. رێبوار تەها لە یەکەمین واژۆیدا وەکو پارێزگار؛ راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی خانەنشین کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ