راکان جبووری باسی رێککەوتنی نوێ دەکات و یەکێتیش رەتیدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

راکان جبووری رایدەگەیێنێت: لە کەرکووک بەشداریکردن لە هەر رێککەوتنێک رەتدەکەنەوە؛ 'ئەگەر خۆمان لەسەرەتاوە داینەڕێژینەوە.' ئەندامێکی یەکێتیش لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێت: هەموو شتێک وەکو خۆی دەڕوات و هیچ رێککەوتنێکی نوێ ناکرێت.
 
ئەمڕۆ (شەممە 17-08-2024) راکان جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هاوپەیمانیی عەرەبی روونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو قسانە بڵاوکردەوە، کە لە بەشێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێن، گوایە، بەنیازە بچێتە نێو رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و ببێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە شوێنی محەممەد حافز.
 
لەو بارەیەوە راکان جبووری دەڵێت، "ئەوەی لە راگەیاندن باس دەکرێ لەبارەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هیچ بنەمایەکی راست و دروستی نییە، تەنانەت بە نهێنیش نییە." 
 
دەشڵێت، هەمووان دەزانن، ئێمە بەشداریکردن لە هەر رێککەوتنێک رەتدەکەینەوە، تەنیا ئەوە نەبێ هەر لەسەرەتاوە خۆمان دایبڕێژینەوە. "کارەساتی دزینی دەنگی پێکهاتەی عەرەبی، بە پێدانی ئیدارە بەو شێوەیە لای ئێمەوە رەتکراوەیە، لە گردبوونەوەکەشدا ئەوەمان دیار و روونکردووەتەوە. بەرامبەر پۆستی کاتیی مافی خەڵکەکەمان رادەست ناکەین." 
 
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی گوت، "هەموو شتێک تەواوبووە و هیچ رێککەوتنێک لە ئارادا نابێت، هەرچییەکیش لەوبارەیەوە بگوترێت هیچ بنەمایەکی نییە."
 
ئەو ئەندامەی یەکێتی گوتیشی، "سبەی لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەوامی ئاسایی دەکرێت و تێیدا محەممەد حافز وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەستبەکار دەبێت."
 
شەوی 10ـی ئاب، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە رۆژی 14ـی ئابیشدا، رێبوار تەها، لە یەکەم واژۆی دوای دەستبەکاربوونی؛ راکان جبووری وەکو پارێزگاری بەوەکالەت خانەنشینکرد. جبووری لەو بارەیەوە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ئێستا خەڵکەکەمان نازانن ئاخۆ ئەو رێککەوتنە پڕ ستەمە، چ کارەساتێک دەبێت بۆ سەر داهاتووی پێکهاتەی عەرەبی."