‏لە دووکان دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک وەردەگەڕێت و ژنێک گیانلەدەستدەدات، شۆفێرەکە هەڵدێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لەنزیك گوندی كۆتڵەی ناحیەی سوورداشی قەزای دووكان، بەیانیی ئەمڕۆ ‏ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئەڤەلۆن وەرگەڕا، سەرنشینێکی ئافرەت گیانی لەدەستدا و دوای رووداوەکەش شوفێرەکە هەڵات.
 
سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دووكان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە نزیك كاژێر 06:00ـی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-8-2023) روویداوە، "ئۆتۆمبێلەکە سێ ئافرەتی عەرەبی تێدا بووە، یەکێکیان گیانی لە دەستداوە و دووانەکەی دیکەش بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون."
 
بەگوتەی قایمقامی دووکان ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری ئەڤەلۆن بووە و تابلۆی پارێزگای کەرکووکی پێوە بووە. سەبارەت بە چارەنووسی شۆفێرەکەش سیروان سەرحەد گوتی "دوای رووداوەكە هەڵاتووە و تائێستا ‏دەستگیر نەكراوە."