وەزارەتی بازرگانی: هەفتەی داهاتوو 58 ملیار دیناری گەنمی جوتیاران خەرجدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستیان بە دابەشکردنی 10 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران لە سەرجەم شارەکان کردووە و، هەفتەی داهاتوو 58 ملیار دیناری دیکە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت.
 
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-8-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی 10 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کراوە و هێشتا پڕۆسەکە بەردەوامە، بەغدا بەش بەش پارەی گەنمی جووتیاران دەنێرێت.
 
رۆژی 9ـی ئەم مانگە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق 58 ملیار دیناری بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکرد. لەبارەی خەرجکردنی ئەو پارەیە، نەوزاد شێخ کامیل گوتی "ئەو پارەیەمان وەرگرتووە و هەندێک رێکاری بانکی ماوە. یەکشەممەی داهاتوو دەست بە رێکارەکان دەکەین بۆ ئەوەی پارەکە رادەستی بانکەکانی پارێزگاکان بکرێت و دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکرێت."
 
ئەو 58 ملیار دینارەی بۆ گەنمی جووتیاران خەرجکراوە، 18 ملیار دیناری پشکی پارێزگای هەولێرە؛ پشکی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین 27 ملیار دینار و پارێزگای دهۆکیش 13 ملیار دینارە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی پارەی گەنمی جووتیاران دەڵێت "لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە 10ـی نیسانەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا و پرۆسەکە 10ـی حوزەیران کۆتایی هات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە 27ـی ئایارەوە دەست بە وەرگرتنی گەنم کرا و لە 15ـی تەممووز تەواوبووین، واتا ئێمە دواکەوتین لە وەرگرتنی گەنم، چونکە هەرێمی کوردستان گەنمەکەی درەنگتر پێدەگات، بۆیە لە وەرگرتنی پارەشدا دواکەوتین."
 
پار، بەهۆی وشكەساڵی و کەمیی باران بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، لەکاتێکدا ئەمساڵ بەرهەم زۆر بوو، بۆیە حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی تەنیا لە هەرێمی کوردستان سنووردار کردبوو و 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت.
 
پار لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.