شەهلا دایکی سێ منداڵە و یەکەم ژنە لە هەولێر شۆفێری تەکسی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

یەکەم ژن لە هەولێر وەکو شۆفێری تەکسی دەستبەکاربوو. شەهلا پێشتر راهێنەری شۆفێری بووە و دەڵێت، بە پاڵپشتیی کەسوکارەکەی، توانی وەکو شۆفیری تەکسی کار بکات.
 
شەهلا حەمەد، یەکە ژنە شۆفێری تەکسی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بیرۆکەی خۆم بوو، بە یارمەتیی باوکم و هاوسەرەکەم و براکانیشم، لە 2011ـەوە مۆڵەتی شۆفێری گشتیم هەیە، مۆڵەتەکەشم بۆیە کردە تەکسی، زۆر ئافرەت پێویستیان پێبوو."
 
تەکسیەکەی شەهلا تەنیا تایبەتە بە گواستنەوەی ژنان و کچان، داواشیان لێدەکات شەرم لە کارکردن لە دەرەوەی ماڵەکانیان نەکەن.
 
شەهلا حەمەد گوتی، "تەکسییەکەم تەنیا تایبەتە بە ئافرەتان، لە رێگەی مۆبایلەوە پەیوەندیم پێوەدەکرێت و نەفەریشم هەیە و دەیانبەم بۆ شوێنی کارەکانیان، لە شەقامیش کە دێمەوە ئەگەر ئافرەتێک دەستم لێڕابگرێت، ئاساییە دەیگەیێنم، ئەگەر هەر ئافرەتێکیش دەیەوێت ببێتە شۆفێری تەکسی، هەرچییەک بەمن بکرێت یارمەتییان دەدەم."
 
ژنان و کچان لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە شەهلا ئاگادار دەکەنەوە کە بچێت بە شوێنیان و بیانبات بۆ شوێنی مەبەست. شەهلا ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و دایکی سێ کوڕە، بەڵام ئەوە رێگرنەبووە لە کارەکەی. خەونەکەی شەهلا تەنیا لە چوارچێوەی یەک ئۆتۆمبێلی تەکسی نییە، ئەو دەیەوێت بە پاڵپشتیی کەسوکارەکەی، کارەکەی فراوانبکات و ئافرەتانی دیکەش لەگەڵ خۆی بخاتەسەر کار.
 
حەمەد سدیق، باوکی شەهلا دەڵێت، "من پاڵپشتیی کچەکەم دەکەم، لە هەوڵداین نووسینگەیەکی تەکسیش تایبەت بە ئافرەتان بکەینەوە، من خۆم 25 ساڵە لە ئەوروپا دەژیم، دەشزانم سیستمی تەکسی لەوێ چۆنە."
 
لە هەولێر شەهلا رێچکەشکێن بوو، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە چەند ژنێکی دیکە وەکو شۆفێری تەکسی پێشتر کاریان کردووە. بەگوێرەی ئامارەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، 247 هەزار و 743 کچ و ژن مۆڵەتی شۆفێرییان هەیە، لەو ژمارەیە 993 کەسیان مۆڵەتی گشتییان هەیە.