ژنێکی عەرەب لە سلێمانی 'بە خنکێنراوی' لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی تەمەن 38 ساڵ، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەرچنار لە سلێمانی لە ماڵەکەی خۆیدا بە 'خنکێنراوی' دۆزرایەوە.
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-8-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ژنەکە ناوی (ش. ز.)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1985ـە و عەرەبە."
 
بەپێی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەو ژنە "لە کافتریایەکی سەرچنار کاری کردووە و لە تەلارێکی نزیک ئەو ناوەش ماوەتەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش بێت، پێدەچێت خنکێنرابێت."
 
پۆلیسی سلێمانی سەبارەت بە کاتی کوشتنی ئەو ژنە دەڵێ 'پێدەچێت یەک، دوو رۆژ پێشتر بووبێت، بەو پێیەی تەرمەکە ئاوساوە.'
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بنکەی پۆلیسی سەرچنار لەو رووداوە ئاگادارکراونەتەوە و هەر بەرەبەیانیش گەیشتوونەتە ماڵەکە. سەرکەوت ئەحمەد دەڵێ "تەرمی ژنەکە بەمەبەستی توێکاری بۆ دادپزیشکیی سلێمانی نێردراوە."