کاروباری کۆمەڵایەتی: تائێستا نزیکەی 15 هەزار نیڤشکان سەردانی لیژنەی پشکنینیان کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "لەکۆی 20 هەزار کەس، نزیکەی 15 هەزار کەمئەندام (نڤیشکان) سەردانی لیژنەی تایبەتمەندیان کردووە بۆ پشکنینی رێژەی کەمئەندامییان.
 
هەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بە رادیۆی رووداوی گوت، 15ی ئاب کۆتا وادەبوو بۆ دووبارە چاوپێکەوتن و پشکنین، بەڵام رەنگە چەند رۆژێک درێژ بکرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی ماون، مافیان نەفەوتێت.
 
گوتیشی، ئەوانەی کە سەردانی لیژنەی تایبەتمەندیان کردووە تائێستا وردبینی کۆتایی لە لیستی ناوەکان نەکراوە، بەڵام دوای وردبینی کردنی کۆتایی، لیستی ناوەکان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەکرێن، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دابینکردنی دەرماڵەی تایبەتیان بۆ بدرێت.
 
بەڕێوەبەری تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی، هەموو ئەوانەی ناویان نووسیبوو نزیکەی 20 هەزار کەمئەندامبوون، بەڵام نزیکەی 15 هەزاریان سەردانی لیژنەی تایبەتمەندیان کردبوو، لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیوەندیدار، لە تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی پەیوەندی بە ئەو کەسانەوە دەکرێت بۆ چاوپێکەوتن و بینی لیژنە، کە تاوەکو ئێستا ناویان تۆمارکردووە و سەردانی لیژنەیان نەکردووە.
 
هەوراز عەبدولقادر ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدەین هەموو ئەوانەی رەزامەندی تۆمارکردنیان هەیە، لیژنەکە بیانبینێت و هەڵسەنگاندن بۆ رێژەی نڤیشکانییان بکرێت. هەروەها ئەم لیژنەیە بۆ ئەو کەسانە نییە کە دەرماڵەیەیان هەیە یان لیژنە بینیونی، بەڵکو تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە ناویان تۆمارکردووە و تا ئێستا لیژنەیان نەبینیوە.
 
بەشێک لە هاونیشتمانیان پەیوەندییان بە رادیۆی رووداو کرد، داوا دەکەن تووشبووانی شێرپەنجە و نابینایان لە تۆڕی پاراستی کەمئەندامان تۆماربکرێن بۆ ئەوەی دەرماڵەیان پێبدرێت.
 
بەڕێوەبەری تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەڵێت، بەگوێرەی یاسای کەمئەندامان یارمەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کەمئەندامان تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە ناگریتەوە، بەڵام نابینایان و نابیستان و شیزۆفینا و جەستەیی، بەگوێرەی کۆنووسی وەزیرانی کارووباری کۆمەڵایەتی و تەندروستی، لە قۆناخی دووەم تۆمار دەکرێن و تائێستا وادەکەی دیار نییە.