زیاتر لە 3 ملیۆن و 600 هەزار کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی کوردستان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 3 ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە و ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو رۆژی چوارشەممە، 147 هەزار و 983 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێ کردووەتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 17-8-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو کۆتایی کاتی کارکردنی رۆژی 16ی ئاب لە هەرێمی کوردستان نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
هەولێر: 60258 کەس
دهۆک: 27898 کەس
سلێمانی و هەڵەبجە: 59727 کەس
هەر هاونیشتمانییەک تەمەنی 18 ساڵ و زیاتر بێت، مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە؛ جومانە غەلای گوتی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار گەنجی لەدایکبووی ساڵی 2005 کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان دەرهێناوە بۆئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، ئامارەکە بەم شێوەیە:
هەولێر: 8877 کەس
دهۆک: 5507 کەس
سلێمانی و هەڵەبجە: 8587 کەس
ئەوە لەکاتێکدایە، بڕیارە 25-2-2024 هەڵبژاردن بکرێت بە مەبەستی پڕکردنەوەی 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان.