کتێبەکەی سەرۆک بارزانی: ئەمریکییەکان نەیاندەویست مام جەلال ببێتەوە سەرۆککۆمار

17-08-2023
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە بەرگی شەشەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان)، سەرۆک مەسعود بارزانی باسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و راگۆڕینی ئەمریکییەکان دەکات لە ساڵی 2010 لەسەر مام جەلال بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی، ئەمریکییەکان بە سەرۆک بارزانییان گوتووە، "داوا دەکەین مام جەلال لابدرێت، چونکە زۆر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی و هێژموونی ئێرانەوە." ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی، "ئەگەر سوورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن سوننەوە زۆر باشە، بەڵام ئێمە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکشێینەوە."
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی ئەو رووداوە لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی، لە دوای هەڵبژاردنی 2010 کێشەیەکی دیکە یەخەی عێراقی گرت، ئەویش پۆستی سەرۆککۆمار بوو کە زۆربەی وڵات لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدا بوون کە پۆستی سەرۆککۆمار لە کورد بسەندرێت و بدرێتە سوننەکان.
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "لەلایەن ئاستی بەرپرسانی ئەمریکا پەیوەندیم پێوەکرا کە مام جەلال یان هەر کوردێکی دیکە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت و پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بدرێتە سوننەکان."
 
کاتێک بارزانی راشکاوانە لە ئەمریکییەکانی پرسیوە؛ ئێوە داوا دەکەن کە مام جەلال لابچێ، یان داوا دەکەن هەر لە بنەڕەتەوە پۆستی سەرۆککۆمار (هەرچەند پرۆتۆکۆڵییە) بۆ کورد نەبێت؟ وەڵامیان داوەتەوە "هەردووکی" ئەمریکییەکان گوتیان، "داوا دەکەین مام جەلال لابدرێت، چونکە زۆر کەوتووەتە ژێر کاریگەری و هێژموونی ئێرانەوە."
 
بارزانی لە وەڵامی ئەمریکییەکاندا گوتوویەتی: "لەوانەیە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئێمە باشتر بێت، بەڵام بابەتەکە پرسێکی مەعنەوییە، وەک چۆن ئێوە باسی شەقامی شیعە و سوننە دەکەن، خۆ ئێمە شەقامی کوردیمان هەیە."
 
دواتر شاندێکی ئەمریکی سەردانی عێراقیان کرد. بارزانی دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا بە ئەمریکییەکانم گوت، ئەگەر ئێوە سوورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن سوننەوە زۆر باشە، بەڵام ئێمە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکشێینەوە.... دوای ئەو بڕیارەمان هەموو لایەک داکۆکییان کرد، کە ئەمە لە بنەڕەتەوە و بەهیچ شێوەیەک نابێت، کشانەوەی کورد واتا داڕووخانی پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا. دواتر وازیان لێهێناین لە بڕیارەکەیان پاشگەزبوونەوە."
 
گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار؛ "مام جەلال خۆی نەپاڵاوتووە، بەڵکو پاڵێوراوی ئێمەیە"
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، لە ساڵی 2005، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستیپێکرد، شیعەکان دژی مانەوەی عەللاوی بوون لە پۆستەکەیدا، چەند پاڵێوراوێکیان هەبوو، لەوانە ئەحمەد چەلەبی، عادل عەبدولمەهدی و ئیبراهیم جەعفەری.
 
بارزانی دەڵێت: "بە مەبەستی دەستخستنی پشتگیری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، رۆژی 1ـی ئاداری 2005 ئیبراهیم جەعفەری سەردانی سەلاحەدینی کرد، راشکاوانە داوای لێکردین پشتگیریی بکەین و رازی بین بە مانەوەی غازی یاوەر لە پۆستی سەرۆککۆمار، داواشی لێکردم قەناعەت بە مام جەلال بهێنم پاشگەز ببێتەوە."
 
بارزانی لە وەڵامی جەعفەریدا گوتوویەتی: "مام جەلال خۆی نەپاڵاوتووە، بەڵکو پاڵێوراوی ئێمەیە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار... ئەمە مافێکی گەلی کوردە و بابەتەکە کەسی نییە."
 
وەک بارزانی باسی دەکات دواتر چەلەبی و عەللاویش سەردانیان کردووە. چەلەبی داوای لێکردووە لە ئەگەری نەمانی عەللاوی لە پۆستەکەیدا پشتگیری ئەو بکەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
 
بۆ دڵنیابوون لە پشتگیری کردنی، رۆژی 19ی ئاداری 2005 مام جەلال سەردانی مەسعود بارزانی کرد لە سەلاحەددین. بارزانی دەڵێت: "داوای دڵنیایی لێکردم کە پشتگیریی بکەم بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار. منیش دڵنیام کردەوە کە بە تەواوی پشتگیریی دەکەین. مام جەلال سوێندی خوارد کە ئەگەر من [مەسعود بارزانی] پۆستەکە وەربگرێت بە هەموو توانایەک پشتگیریی دەکات، منیش دڵنیام کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ویست و حەزی وەرگرتنی ئەو پۆستەم نییە. دواتریش پێداگیریی زۆری کرد، کە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەربگرم، تەنانەت گوتی، ئەگەر ئەو پۆستە وەرنەگری، منیش پۆستی سەرۆککۆمار وەرناگرم، منیش پێمگوت بابەتەکە تاوتوێ دەکەین."
 
رۆژی شەشی نیسانی 2005 دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵبژێردران کە پێکهاتبوون لە مام جەلال سەرۆککۆمار و عادل عەبدولمەهدی و غازی یاوەر جێگرانی سەرۆککۆمار.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: "راگەیاندنەکانی یەکێتی بەشێوەیەکی زۆر ئیستیفزازی باسیان لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆککۆمار کرد، گوایە ئەو سەرکەوتنانە هەمووی لەسەر دەستی یەکێتی بووە، بەڵام رێنماییمان بە راگەیاندنەکانی پارتی دا، وریا بن  و تووشی هیچ کاردانەوەیەک نەبن و بەڕێزەوە باسی مام جەلال بکرێت، موڵکی هەمووانە، نەک تەنیا موڵکی یەکێتی."
 
بارزانی لە کتێبەکەیدا ئاماژە بە برووسکەیەکی مام جەلال دەکات کە 8ی نیسان، واتە دوو رۆژ دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار بۆی ناردووە و تێیدا دەڵێت: "بەبێ پاڵپشتی و هاوکاریی مەسعود بارزانی پرۆسەکە بەرەوپێشەوەچوونی بە خۆیەوە نەدەبینی و خۆیشی پۆستی سەرۆککۆماری وەرنەدەگرت."
 
رۆژی 28ی نیسانی 2005 کابینەی حکومەتیش بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم جەعفەری پێکهات، کە لە 25 وەزارەت و 5 وەزیری دەوڵەت پێکهاتبوو.
 
بارزانی دەڵێت: "لە دوای پێکهێنانی حکومەت راوبۆچوونمان ئەوە بوو، کە ئەو حکومەتە نیشتمانی نییە و کردەوە تیرۆرستییەکان زۆر دەبن، دواتر هەرواش دەرچوو. هەر لە سەرەتاوە دەرکەوت کە شیعەکان هەوڵ دەدەن دەست بەسەر هەموو جومگە و شوێنە گرنگ و هەستیارەکاندا بگرن."
 
لە کتێبەکەی سەرۆک مەسعود بارزانیدا هاتووە، "لە کاتی سوێندخواردنی کابینەی نوێدا پێشێلکارییەکی زۆر گەورە و ئاشکرا کرا، کە بریتی بوو لە دەستکاریکردنی سوێندی یاسایی لەلایەن جەعفەرییەوە، بەشێوەیەک دەستکاری سوێندەکەی کردبوو، کە دژایەتیکردنی گەلی کوردستان و سیستەمی دیموکراسی تێدابوو."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.