64 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی هەڵەبجە هۆشدارییان پێدەدرێت؛ 'دەبێت بە زوویی نەشتەرگەری گۆڕینی گلێنەی چاو بکەن'

 
رووداو دیجیتاڵ 

نەسرین عەبدولقادر، بەرکەوتوویەکەی چەکی کیمیایی هەڵەبجەیە، 30 ساڵە بەدەست ئازارەوە دەناڵێت، دەبێت هەموو کاژێرێک جارێک یان دوو جار قەترەیەکی تایبەت بکاتە چاوی و هەموو دوو کاژێرێکیش جارێک مەڵحەمێک بدات لە چاوی، هەروەها دەبێت هەموو شەش کاژێرێک جارێکیش بە شامپۆیەکی تایبەت چاوی بشوات، ئەمە تەنها بۆ ئەوەی چاوەکانی وشک نەبن و بەتەڕی بمێنێتەوە. 
 
نەسرین عەبدولقادر، چاوی چەپی و سییەکانی گرفتی گەورەی ژیانییەتی. پزیشکەکان بە نەسرین و 63 بەرکەوتووی دیکەی هەڵەبجەیان گوتووە، دەبێت لە ئێران زۆر بە زووی نەشتەرگەری گۆڕینی گلێنەی چاو بکەن. 
 
نەسرین عەبدولقادر، کە بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیاییە بە رووداوی گوت: پێشتر زۆر باشتر بووم چاوم زۆر باش دەیبینی، تەنانەت چاویلکەشم بەکارنەدەهێنا بەڵام لەبەر ئەوەی نەمتوانی شەش مانگ جارێک بچمەوە لای پزیشک بۆ چاودێری، دۆخی تەندروستیم خراپتر بووە، ئێستا چاوی چەپم بووەتە دەرەجە دوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەوەندە خراپبووە ماوەی دوو ساڵە دەبێت چاویلکە بۆ چەپ و راست بەکاربهێنم. 
 
پێشتر لە ئێران چوار کەس لە بەرکەوتووەکان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نەتوانراوە بەردەوام لە ژێر چاودێریدا بن نەشتەرگەرییەکانیان شکستی هێناوە.
 
کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەش دەڵێن، دەبوو نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بۆ چاودێری بەرکەوتووەکان دروستکرایە، بەڵام ئێستا وەکو نەبوو وایە. 
 
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "هەموو ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەری چاویان بۆ کراوە لە کۆی چوار کەس، سێ کەسیان تەندروستییان خراپبووە و نەشتەرگەرییەکە شکستی هێناوە و سەرکەوتوو نەبووە، هەرچەندە ئەو کەسانە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە بۆیان نوسراوە شەش بۆ حەوت مانگێک بچنەوە بۆ ئێران بۆلای پزیشک، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە پارەیان بۆ خەرج نەکراوە نەچوونەتەوە بۆ پشکنین بۆیە نەشتەرگەییەکەیان شکستی هێناوە. ئەو بەرکەوتووانەی دیکەش کە لیژنەی پزیشکی پێیان گوتوون، دەبێت نەشتەرگەری بکەن، ناچن چونکە دەترسن ئەوانیش بەهۆی بەردەوام نەبوونی چاودێرییەوە نەشتەرگەرییەکەیان سەرکەوتوو نەبێت."
 
پیشتر لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی سەرۆکی حکومەت پارە بۆ پێویستییەکانی بەرکەوتووەکان دابین دەکرا، بەڵام سێ ساڵە راگیراوە. 
 
تەندروستیی هەڵەبجە داوای بودجەیەکی تایبەتییان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی بەرکەوتووەکان بنێرنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، بەڵام بەبیانووی نەبوونی بودجە وەڵام نەدراونەتەوە. 
 
دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "نوسراوی ئەو 64 بەرکەوتووەمان ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و دەرخستەمان بۆ کردووە، بەڵام بۆمان جێبەجێ ناکەن، من خۆم وەک بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە تکام لە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، تکایە پارەی بەرکەوتووەکان دوامەخە، چونکە دۆخیان خراپە و ئەوان لیژنەی پسپۆڕ پێی گوتوون، دەبێت نەشتەرگەری بکەن، بەڵام هەر وەڵام نەدراوینەتەوە."
 
چارەنووسی ئەو نەخۆشخانە ئێستا لای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییە، دەبێت جگە لە دابینکردنی بودجە بۆ نەشتەرگەری ستاف و کارمەند و پێویستی تەواویش بۆ نەخۆشخانەی بەرکەوتووان دابین بکرێت چونکە هەر نەخۆشێکیان پێویستییان بە شەش بۆ هەشت مانگ چاودێری بەردەوام هەیە.