تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە ساڵی 2020 بە رێژەی 33% دابەزیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە، ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە و هۆکارەکانیش جۆراوجۆرن.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2019 زیاتر لە 1900 کۆمپانیا تۆمارکراون، لە ساڵی 2020 هەزار و 232 کۆمپانیا تۆمارکراون، واتە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە ساڵی 2020 بە رێژەی 33% دابەزیوە.
 
لە ساڵی 2020 لە دهۆک کەمترین کۆمپانیا تۆمارکراون کە تەنیا 65 کۆمپانیا بووە، لە سلێمانیش هیچ کۆمپانیایەکی بیانی تۆمارنەکراوە.
 
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی دامەزراندنی کارگە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 گەیشتووەتە 160 کارگە، بەڵام لە ساڵی 2020 مۆڵەت بە 155 کارگە دراوە.
 
هێشتا هیچ ئامارێکی پشتڕاستکراوە لەبەردەستدا نییە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و لێکەوتەکانیەوە چەند کارگە و کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان داخراون، بەڵام نەبوونی هاندانی دارایی، بەشێک لە کۆمپانیا بچووکەکانی لەدوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە داخستن دا و تاوەکو ئێستاش نەکراونەتەوە، ئەمەش ئەو دەرفەتانەی کەمکردووەتەوە کە ئەو کۆمپانیایانە لە هەرێمی کوردستان دروستیان کردووە.
 
بە گوتەی خاوەنی بەشێک لە کۆمپانیاکان، لەو ماوەیەدا نە هیچ هاندانێکی دارایی هەبووە، نە لێخۆشبوونیش لە باج، تەنانەت باج لەسەر بەشێک لە کۆمپانیاکان و شوێنەکانی بازرگانیش زیادکراوە، ئەمەش وایکردووە تۆمارکردنی کۆمپانیای نوێ کەم ببێتەوە.
 
هۆکارێکی دیکەی پاشەکشەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و کردنەوەی لقی کۆمپانیای بیانی لە هەرێمی کوردستان، ئەو رۆتینیاتەیە کە بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکان هەیە، بەپێی رێنوێنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان 38 رۆژی دەوێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە عێراق 35 رۆژ، لە ئیمارات 8 رۆژ، لە تورکیا 7 رۆژ و لە ئەمریکا 6 رۆژی پێویستە.
 
لە دوو مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا لە سلێمانى تەنیا 80 کۆمپانیا مامەڵەى دامەزراندنیان کردووە، لە بەرامبەردا نیوەى ئەو ژمارەیە کە 40 کۆمپانیایە، کارەکانى خۆیان راگرتووە و وازیان هێناوە.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پەرەپێدانی پیشەسازیی پارێزگاکان، لە ساڵی 2020دا 171 کارگە لە هەرێمی کوردستان دامەزراون و مۆڵەتیان بە زیاتر لە سێ هەزار و 943 هەزار کارگەی نوێش داوە، بەڵام لەم ژمارەیەدا تەنیا 1905 کارگە لە کاردان و 2038 کارگەش داخراون کە دەکاتە 51%ی کارگەکان.