لە شنگال هێرشدەکرێتە سەر پەیامنێری رووداو

 
رووداو دیجیتاڵ

ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایدەگەیێنێت، شەڕڤانانی یەبەشە هێرشیان کردووەتە سەر تەحسین قاسم، پەیامنێری رووداو.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 17-08-2021 پەیامنێری رووداو بۆ رووماڵکردنی بۆردوومانی تورکیا لە گوندی سکن لە سنووری شنگال بووە، شەڕڤانانی یەبەشە تەقەیان لە تیمی رووداو کردووە، دواتر بە قۆناخە تفەنگ هێرشکراوەتە سەر پەیامنێری رووداو و بریندار کراوە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
 
لە هێرشەکەدا زیان بەر کەلوپەل و ئۆتۆمبێلی تیمی رووداو کەوتووە.
 
ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا چەند جارێک هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی تەندروستی لە گوندی سکنی سەر بە شنگال، لە ئەنجامی هێرشەکان کوژراو و بریندار هەن.
 
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیێندراوێکدا هێرشکردنە سەر تیمی کەناڵی رووداو لە سنووری شنگال شەرمەزار دەکات و دەڵێت، "هێرشكردنە سەر تیمی كەناڵی رووداو لە لایەن 'شەڕەڤانانی یەبەشە' لە شنگال، كردەیەكی ترسنۆكانەیە و شەرمەزاری دەكەین."
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا، سەنتەری "میترۆ داوا لە دەسەڵاتی ئیداری ناوچەكە دەكات، رێز لە كاری تیمەكانی راگەیاندن بگرن و كۆسپیان بۆ دروستنەكەن و لێكولێنەوە لەو هێرشە ترسنۆكانە بكەن."