رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیاری لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2021-2022 دەخاتەڕوو، بەپێی لێدوانی بریکاری وەزیری پەروەردە 14/9/2021 یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندن دەبێت و خوێندن بە ئامادەبوونی تەواوی نێو پۆل دەبێت.
سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی ئەوەی لە وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لەسەردراوە، بڕیارە رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2021 پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەستپێبکات و نزیکەی ملیۆنێک و 700 هەزار قوتابی و 160 هەزار مامۆستا بە هەمیشەیی و گرێبەستەوە دەست بەدەوام بکرێت، ئەگەر هیچ پێشهاتێکی تەندروستیی پەیوەست بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نەیەتە ئاراوە."
لای خۆیەوە، عەبدولواحید محەممەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بۆ خوێندنی ئەمساڵ بڕیار نییە دەستکاریی پرۆگرامەکانی خوێندن بکرێت، پار بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاستی زانستی دابەزی و ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە لە پلانیدایە ئەو کورتهێنانە قەرەبوو بکاتەوە."
ساڵی خوێندنی 2020-2021 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەکاندا بۆ چەندجارێک راگیرا و دواجار وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بەشێک لە پرۆگرامەکان کورتبکرێنەوە و تاقیکردنەوەیان تێداکرا.
عەبدولواحید محەممەد ئەوەیشی ئاشکراکرد "بڕیارە لە سەرەتای دەوامی ساڵی 2021-2022 ماوەی مانگێک بۆ 45 رۆژ هەموو قۆناخەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی پرۆگرامەکانی ساڵی پێشوویان بخوێنن، ئەوەش وەکو پێداچوونەوەیەکی گشتی دەبێت بۆ ئەو بابەتانە کە بەهۆی کۆرۆناوە بەتەواوەتی نەخوێندران و بەشێک لە کتێبەکانی خوێندن پەڕێندران و وەلانران، ئەمە بەتایبەت بۆ قۆناخەکانی خوێندنی یەک تا سێی بنەڕەتی پەیڕەودەکرێت و جەختی لەسەر دەکرێتەوە، چونکە ئەو پۆلانە هەستیارن و پەیوەندیی بە پیت و دەستەواژە و ژمارەکانەوە هەیە و بناخەی قوتابییانە."
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بەو قسانەی دەکرێن لەبارەی بەشەوانەی مامۆستایانەوە رایگەیاند، "هیچ بڕیارێک لەبارەی دیاریکردنی بەشەوانەی مامۆستایان نەدراوە و ئەوەی دەگوترێت کە هەر مامۆستایەک پێویستە لە مانگێکدا 100 بەشە وانە بڵێتەوە راست نییە و بۆ وەها بڕیارێک وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە هاوسەنگکردنی میلاکات هەیە، ئەمەش جارێ نەکراوە، هەرکاتێک ئەوە کرا و میلاکات لە هەموو پەروەردە و قوتابخانەکان بە تەواوەتی رێکخرانەوە، ئەوکات رەنگە ئەمە بکرێت، بەڵام بۆ خوێندنی ساڵی 2021-2022 پەیڕەوناکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ