هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ لیواکانی پیادە دابەش دەکرێت


رووداو هەولێر

سبەی مووچەی مانگەکانی 5 و 6ی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت و بڕە پارەیەکی دیکەش دەدرێتە پێشمەرگەکانی لیواکانی پیادە.
 
بەرپرسێک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە مووچەی دوو مانگی رابردوو، ئەو بڕە پارەیەی هاوپەیمانان بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکان دەینێرن، سبەی بەسەر ئەندامانی لیواکانی پیادەی وەزارەتدا دابەش دەکرێت".
 
ئەو بڕە پارەیەی وەکو هاوکاریی هاوپەیمانان دەدرێتە هەر پێشمەرگەیەکی لیواکانی پیادە 432 هەزار دینارە.
 
بەهۆى تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، مووچەی مانگەکانی پێنج و 6ی ئەو هێزانە دواکەوتبوو، بەڵام دوێنێ بەغدا 676 ملیار دینارى مووچەى ئەو دوو مانگەی رەوانەی هەرێمى کوردستانى کرد. 
 
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش وەک هاوکاریکردنی لیوا هاوبەشەکان.