شیعەمەزهەبانی کەرکووک لە یادی عاشوورا خواردنیان لە شەقامەکان دابەشکرد

رووداو دیجیتاڵ 

لە کەرکووک رێوڕەسمی یادی عاشوورا بەرێوەچوو، ئەوانەی ماتەمیان بۆ کوژرانی ئیمام حوسێن گێڕا زۆرینەیان تورکمانی شیعە بوون. 
 
لە بۆنەکەدا 100 کەژاوە خواردن و خواردنەوە بەسەر ماتەمینگێڕاندا دابەش کران، پیر، گەنج، منداڵ و ئافرەت لەخۆیان دەدا و دەیانگوت: "شیعەی عەلی لە زیادبووندایە."
 
ئەتیلا مەحموود، خاوەن کەژاوەی هاوکارییە دەڵێت: "کەژاوە و حوسەینییە و دەستەی شیعەکان ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت و رێکخراوتر دەبن، لەم رۆژەدا بە تایبەتی لە پارێزگای کەرکووک دەمانەوێ، ئەو ستەمە نیشان بدەین کە لە ئیمام حوسێن کراوە و پەیڕەوەکەی ئەو، دوای 1400 ساڵ هێشتا ماوە و جێگیرە."
 
لە شەقامی رێگەی بەغدا - کەرکووک، هێمای شینگێران و وێنەی سەرکردەکانی شیعە، لە بەشێکی زۆری شەقامەکانی کەرکووک هەڵکران، 10 رۆژە تورکمانەکان لێرە خواردن دابەشدەکەن، جلوبەرگی رەشیان پۆشیوە و خۆیان لە هەموو خۆشی دەربڕینێک بەدوور گرتووە.
 
تەها حەمید، بەشدارێکی بۆنەکەیە و ئاماژەی بەوەکرد: "پشت بەخوا شیعە زیاتر فراوان دەکەین و خزمەتی زیاتریان دەکەین، ئوومەتی ئیسلام دێنە سەر رێگەی ئیمام حوسێن و لەسەر ئەو رێگایە دەمێنن پشت بەخوا."
 
مستەفا محەممەد بەشدارێکی دیکەیە لەبارەی رۆژی عاشوورا و رێوڕەسمەکانیانەوە گوتی: "بیرۆکەکە تەنیا ئەوە نییە کەژاوەکان زیاد بێت، بەڵکو دەمانەوێت گەشەی پێبدەین و هەموو گەڕەکان بگرێتەوە، تەنیا لە عاشوورا و لە نێو گەڕەکانی تازە و بەشیر و تسعین نەبێت، هەموو پارێزگاکە بگرێتەوە."
 
لە ماوەی 10 ساڵدا لە کەرکووک، دوو گەڕەکی نوێی شیعەمەزهەبەکان بە ناوەکانی بەدر و سەیادە درووستکراوە، زۆرینەی گەنجەکانیان چەکدارن و لە ریزەکانی حەشدی شەعبین.