گوندێکی سنووری پێنجوێن بۆردوومان کرا


رووداو دیجیتاڵ

گوندێکی سنووری ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێن بۆردوومان کرا. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە و پووش و پاوانی گوندەکەی سووتاندووە.
 
هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆردوومانەکە نزیک کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ بووە و گوندی بادانەی سنوورەکەی کردووەتە ئامانج.
 
ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە خەڵکی تێدا ناژی، بەڵام نزیکی هاونیشتمانییانی گوندەکەیە. هێمن ئیبراهیم گوتی، "هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردوومانەکە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە و بەهۆیەوە پووش و پاوانی گوندەکەی سووتاندووە. دەشڵێت: "خەڵکی گوندی بادانە و دەورووبەری ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە."
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە کێ ئەنجامدەری بۆردوومانەکە بووە، بەڵام لە رابردوودا تورکیا بە پاساوی بوونی گەریلاکانی پەکەکە چەند جارێک ئەو ناوچەیەی بۆردوومان کردووە، کە دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە.