پارێزگار: لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەی ئاوی هەولێر بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەی ئاوی هەولێر بە تەواوی چارەسەر دەکرێت و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەکو مژدە و دیارییەک، ئەو پڕۆژەیە بۆ هەولێر رادەگەیێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-07-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لە کۆتایی قۆناخی پلانێکدان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە تەواوی هەولێر.
 
پارێزگاری هەولێر گوتی، "لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک مژدە و دیارییەک، ئەو پڕۆژەیە بۆ هەولێر رادەگەیێنێت کە تەواوی خەڵکی شارەکە لێی سوودمەند دەبن".
 
لە هەولێر سێ پڕۆژەی ئیفراز هەن؛ ئیفرازەکانی یەک، دوو و سێ. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پڕۆژە نوێیەکەی هەولێر لە چوارچێوەی ئیفرازدا نابێت و وەکو "پڕۆژەی فریاگوزار"ی رادەگەیێندرێت.
 
ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزی هاوین، بەشێکی هەولێر رووبەڕووی کەم ئاوی دەبێتەوە و ناڕەزایی هاونیشتمانیانی لێدەکەوێتەوە.
 
لە هەولێر پڕۆژەکانی ئیفراز ئاوی نزیکەی نیوەی شارەکە دابین دەکەن و نیوەکەی دیکەش پشت بەئاوی ژێر زەوی دەبەستن.