پارێزگای هەولێر: سواڵکەر و فاڵگرەوەکان و ئەو منداڵانەی لە ترافیکەکان کەلوپەل دەفرۆشن دەستگیر دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە ئەمڕۆوە سواڵکەر و فاڵگرەوە و ئەوانەى لە بەردەم پیشانگەکانی فرۆشتنى ئۆتۆمبێل کار دەکەن و لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن، دەستگیر دەکرێن.
 
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە فەرمانی ئومێد خۆشناو و، لەسەر داواکاریی هاووڵاتییان، لە ئەمڕۆوە هەموو ئەو منداڵ، سواڵکەر و فاڵگرەوانەی لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل، ترافیکەکان و ناوچەکانی پیشەسازیی باکوور و باشووری هەولێر کاردەکەن، دەستگیر دەکرێن.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەڵمەتەکە لەپێناو نەهێشتنی "دیاردەى ناشارستانى و لە چوارچێوەی روونەدانى رووداوى نەخوازراو و دوور لە ئادابى گشتییە".
 
هەڵمەتەکە لە ئەمڕۆوە دەستی پێکردووە و بەردەوام دەبێت. پارێزگای هەولێر دەڵێت، سەرجەم ئەو ئافرەتانەی بە بیانووی سواڵکردن و فاڵگرتنەوە لە ناوچە پیشەسازییەکانی باکوور و باشوور یان بەردەم پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، یان ئەو منداڵانەی لە ترافیکەکان کەلوپەل دەفرۆشن، دەستگیر دەکرێن و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.