ئەم ساڵ 40 هەزار گەشتیاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی وانیان کردووە

17-07-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
دیمەنێکی گشتیی وان
دیمەنێکی گشتیی وان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆكی یەكێتیی کۆمپانیا گەشتییەکانی وان رایگەیاند، ئەم ساڵ 40 هەزار گەشتیاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان چوونەتە شارەکە. لەبارەی ئاماری گشتیی گەشتیارانیش، ئەو بەرپرسە گوتی، "ژمارەی گەشتیاران کەمبووەتەوە".

جەودەت ئۆزگۆکچە بە رووداوی گوت، پەیوەندییەکی باشی گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و وان هەیە و کاریش لەسەر زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران دەکەن.
 
جەودەت ئۆزگۆکچە، سەرۆكی یەكێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی وان -لقی رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژدا بە رووداوی راگەیاند، "لە 6 مانگی رابردوودا 625 هەزار گەشتیاری ئێرانی، 40 هەزار گەشتیاری رۆژهەڵاتی کوردستان، 15 هەزار گەشتیاری ئەورووپا و ئەمریکا سەردانی پارێزگای وانیان کردووە". 
 
شاری وان لە باکووری کوردستانە و نزیک لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە، بەهۆی سرووشتی جوان و کەشوهەوای فێنک و دەریاچە بەنێوبانگەکەیەوە، ساڵانە دەیان هەزار گەشتیار رووی تێدەکەن، 80٪ـی گەشتیارانی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن. 
 
ئەمڕۆ و سبەی فێستیڤاڵێک لەو شارە بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بۆ راکێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیارانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. 
 
سەرۆكی یەكێتیی ئاژانسەكانی گەشتیاریی وان گوتی، "ئەم ساڵ ژمارەی گەشتیاران زۆر کەمبووەتەوە بۆ وان، ئێمەش نازانین هۆکار چییە". 
 
بەگوێرەی داتاکانی یەكێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی وان، لە شەش مانگی ئەم ساڵدا بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی پار، "ژمارەی گەشتیاران 12 هەزار کەمترە".
 
بۆ راکێشانی سەرنجی گەشتیاران، ژمارەیەک چالاکی رێکخراون و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبیش بانگهێشتی شارەکە کراون. یەكێتیی ئاژانسەكانی گەشتیاریی وان دەیەوێت "گەشتیارانی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبیش بباتە شارەکەوە".
 
وەک ئۆزگۆکچە دەڵێت، "ساڵانە 150 تا 170 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەردانی وان دەکەن".
 
جگە لە گەشتیاری دەرەوە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی وان دەکەن، تەنیا لە شەش مانگی ئەم ساڵدا یەک ملیۆن و 500 هەزار گەشتیاری نێوخۆیی تورکیا و باکووری کوردستان سەردانی وانیان کردووە، بەڵام سەرۆكی یەكێتی ئاژانسەكانی گەشتیاریی وان نایشارێتەوە کە "کێشەیەکی گەورە لەبەردەم کەرتی گەشتیاریمان هەیە، ئەویش ئەوەیە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانمان کەمە. لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە کەرتی فرۆکەوانی لە وان و گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایی نەبوونەتەوە، ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر ژمارەی گەشتیاران هەیە". 
 
لە شاری وان 16 شوێنی گەشتیاری، 100 شوێنی گەشتیاریی شوێنەواری و مێژوویی هەن، هەروەها 320 هۆتێل هەن کە 15 هەزار تەخت لەخۆ دەگرن. جەودەت ئۆزگۆکچە دڵنیایی دەداتە گەشتیاران کە "کێشەی مانەوە نییە و دەتوانین پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بکەین".
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی وان دەکەن. سەرۆكی یەكێتی ئاژانسەكانی گەشتیاریی وان دەڵێت، "پێمان خۆشە ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وان زیاد بێت؛ پەیوەندییەکی نزیکمان هەیە و ئەوان بە خاوەن ماڵ دەزانین و لە وان میوان نین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".