روونکردنەوەی دکتۆر باخان ئازاد لەبارەی خۆبەربژێرکردنی لەسەر لیستی پارتی


رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناوی بەربژێرەکانیش ئاشکرا دەکرێن. یەکێک لەو بەربژێرانەی ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر قسەی لەبارەوە دەکرێت باخان ئازادە، کە پزیشکە و پێشتر بە ئۆپۆزیسیۆنێکی تووند ناسراو بوو و ئێستا بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
باخان ئازاد دایکی برازای جەلال تاڵەبانی، سکرتێری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئەو یەکێکە لە پزیشکە گەنجەکان کە جگە لە پیشەکەی، چالاکڤان و رەخنەگەرێکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە، بەتایبەت رەخنە لە کەرتی تەندروستی دەگرێت و وەک خۆی دەڵێت، بەهۆی رەخنەکانییەوە لە سنوورەکەی خۆیدا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی و هێرش بووەتەوە.
 
باخان ئازاد ئێستا لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەڵەبجە خۆی بەربژێر کردووە. ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "من ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و تەنیا بووم. ئەوانەی دەڵێن ئۆپۆزیسیۆنن، هیچ کاتێک پشتیوانییان نەکردم. کاتێک ستەم دەبینیت و بە تەنیا چارەسەری هیچت بۆ ناکرێت، باشتر وایە لەنێو گەورەترین حیزبی کوردستاندا جێگەی خۆت بکەیتەوە و کێشەکان چارەسەر بکەیت."
 
ئەو پزیشکە دەڵێت، ئەگەر سەربکەوێت بەرنامەی تایبەتی بۆ باشکردنی کەرتی تەندروستی دەبێت، "ئێستا پزیشک هەیە بلیتی چوونە ژوورەوەی 5 هەزارە و هەیە 50 هەزار دینارە. دەبێت ئەو نایەکسانی و نایاساییانە بە یاسا چارەسەر بکرێن."
 
باخان ئازاد گوتی، "پزیشک هەیە مووچەکەی 3 ملیۆن و 750 هەزار دینارە لە حکومەت، بەڵام هیچ نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی حکومی نابینێت و هەر کەسیش ببینێت بانگهێشتی نۆرینگە تایبەتەکەی خۆی دەکات. بێگومان ئەمانە دەبێت بە یاسا چارەسەر بکرێن و رێگە بە بەردەوامییان نەدرێت."
 
باخان ئازاد عەبدولڕەحمان، دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانییە لە ساڵی خوێندنی 2018-2019، لە سەردەمی کۆرۆنادا بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند دیمەنێکی نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە و پێشاندانی کەموکورتییەکانی کەرتی تەندروستی زیاتر لەنێو خەڵکدا ناسرا.
 
باخان ئازاد دەڵێت، "بەهۆی رەخنە و چالاکییەکانمەوە دەسەڵاتی ناوچەکە چەندین ئاستەنگی بۆ دروستکردووم، نارنجۆک هەڵدراوەتە ماڵمەوە، رفێندراوم، دەستڕێژی گولـلەم لێکراوە و ئاستەنگی و هێرشەکان دژم ئێستاش بەردەوامن."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 78 بەربژێری هەن. ئەمەی خوارەوە ناوی بەربژێرانی حیزبەکەیە لە لقی 12ـی هەڵەبجە، کە پارێزگاکە 3 کورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ دانراوە.
 
بەربژێرەکانی پارتی لە سنووری لقی 12  
 
هوشیار حوسێن عوسمان (سەرۆک لیست)
 
سیروان حەمەشەریف ئەحمەد
سوندووس حوسێن عەلی ئەمین
عەتا رەئووف محەممەد شاوێس
خەسرەو رەشید حەمەکەریم
ژاکاو عەبدوڵڵا ساڵح میران
ئەحمەد رەئووف ئەحمەد
خەلیل هەیاس رەشید مەحموود
سەنگەر سەردار حسێن
باخان ئازاد عەبدولڕەحمان
نووری محەممەد مەحموود حەسەن
شاناز جەمال مەحموود
هۆزان قادر محەممەد ساڵح
هەڵکەوت ئەنوەر خلیفە یونس
 
بڕیارە رۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.