دلێر عەبدولخالق: لەگەڵ چەند لایەنێک دانوستانمان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پاشەکشەیەی لە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە هەوڵدان بۆ کاری پێکەوەیی و ئەگەر بگەنە رێککەوتن، گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیست و بەربژێرانی بزووتنەوەکەدا دەکرێت.
 
رۆژی 16ی تەممووز دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە بووڵتەنی کاژێر 12ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەکاری بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن کردووە و لەگەڵ کارە تەکنییکییەکاندا لە هەوڵداین ئەو پاشەکشەیەی لە دەنگەکانی گۆڕاندا هەبووە، بە هەندێک کاری هاوبەش و پێکەوەیی لەگەڵ هەندێک لایەن و کەسایەتی چارەسەر بکەین."
 
رۆژی 15ى تەممووز، ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان وادەى پێشکێشکردنى لیستى ناوى بەربژێرانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ سێ رۆژ و تاوەکو کۆتایی دەوامى رۆژى پێنجشەممە 18ى تەممووز درێژکردەوە.
 
دلێر عەبدولخالق گوتی، "بزووتنەوەی گۆڕان لیستی بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە، بەڵام لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە هەوڵی کارێکی پێکەوەییداین و لە 48 کاژێری داهاتوودا ئومێد دەکەین بگەینە رێککەوتن. ئەگەر لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەدا بگەینە رێککەوتن، ئەوا گۆڕانکاری بەسەر بەربژێر و سەرۆکی لیستەکاندا دێت."
 
رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "بەر لە داخستنی ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسی لە رێگەی ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی لە گفتوگۆدا بووین، بەڵام هەندێک لایەن مەرجەکانیان قورس بوو؛ بەشێکی دیکەشیان گۆڕان پەسنی کارکردن و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەواندا نەکرد."
 
دلێر عەبدولخالق گوتی، "هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆمان لەگەڵ بەرەی گەل نەبوو بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی، بەڵام لەلایەن دامەزراوەیەکەوە دەستپێشخەرییەک هەبوو و سەرکەوتوو نەبوو. ئێمە پێمان نەکرا."
 
لەبارەی گرفتە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەکەوە رایگەیاند، "لەدوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان نەمانتوانی جێگەی پڕ بکەینەوە، نەشمانتوانی بە یەکەوە نوێنەرایەتی گوتاری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان بکەین. زۆر کەس لە نێو بزووتنەوەی گۆڕان متمانەیان پێدرا نەیانتوانی لە رێگەکە بەردەوام بن."
 
20ى تشرینى یەکەمى 2024  لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاری کراوە.
 
بۆ سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە سێ کورسی دیاری کراوە ، لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانى دوو  کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان داندراوە ، لە دهۆک کورسیەک بۆ کۆتاى ئەرمەن تەرخان کراوە.