رووداو دیجیتاڵ
تەرمی هاونیشتمانییەکی خەڵکی هەڵەبجە بەناوی قازی مستەفا لە نەخۆشخانەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە، کەسوکارەکەی دەڵێن لەلایەن سوپای پاسدارانەوە تەقەی لێکراوە.
خوشکەزایەکی دەڵێت، "بۆ کوژراندنەوەی ئاگری گوندەکەمان رۆیشتبوو، بەڵام دیار نەما و دوای ماوەیەک دەرکەوت کە تەرمەکەی لە نەخۆشخانەیەکی کرماشانە و دوێنێ تەرمەکەمان هێنایەوە".
رۆژی دووشەممە 17-07-2023 مەریوان عوسمان، خوشکەزای قازی مستەفا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەوروبەری کاژێر 2:30ـی دوانیوەڕۆی سێشەممەی رابردوو لە شاخی بەمۆ ئاگرێک کەوتەوە. خاڵم لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە چوون ئاگرەکە بکوژێننەوە. دوای کوژراندنەوەی ئاگرەکە، ئەوان گەڕانەوە، بەڵام خاڵم نەگەڕایەوە. ئەو رۆژە زۆر چاوەڕوانی بووین، بەڵام هیچ سەرەداوێکی نەبوو".
بەگوتەی مەریوان عوسمان، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سەردانی شوێنی ئاگرەکەیان کردووە و "خوێن و فیشەکمان بینی؛ بۆیە زانیمان ئێران شتێکی لێ کردووە، چونکە ئاگرەکە لەسەر سنوور بوو".
خوشکەزاکەی قازی عوسمان دەڵێت، "لەگەڵ چەند خزمێکی خۆمان لە کرماشان قسەمان کرد بۆ ئەوەی سەرەداوێکمان دەستبکەوێت؛ دواتر دەرکەوت تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنە لە کرماشان".
دوێنێ، (یەکشەممە، 16-7-2023) تەرمی قازی مستەفا گەڕێندرایەوە پارێزگای هەڵەبجە. مەریوان عوسمان دەڵێت، "سوپای پاسداران تەقەیان لە خاڵم کردووە. داوامان لە بەرپرسانی هەڵەبجەش کردووە، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ