رووداو دیجیتاڵ
سێ هاونیشتمانی لە شاری کرماشان تۆمارێکی ڤیدیۆیی خۆیان لە ناوچەی تاقوەسان بڵاوکردووەتەوە و یەکێکیان دەڵێت، رۆژی 16-07-2023 ویستوویانە بچنە نێو تاقوەسان، بەڵام ئەو کەسەی بلیتی چوونە ژوورەوەی فرۆشتووە، گوتوویەتی ئەو پیاو و ژنانەی جلوبەرگی کوردییان لەبەردا بێت، چوونە ژوورەوەیان قەدەخەیە.
ئەو هاونیشتمانییەی تۆمارە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکردووەتەوە لەگەڵ دوو هاوژیندا بووە، کە وێنەی هەردووکیانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ژنەکە "بە تەواوی پابەندی باڵاپۆشی بووە".
ئەو هاونیشتمانییە رێگەنەدان بە چوونە ژوورەوەیان بە جلوبەرگی کوردییەوە وەک "سووکایەتی" لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، "دەبێت بەڕێوەبەری میراتی کولتووری کرماشان بەدواداچوون بۆ ئەم سووکایەتییە بکات. بۆچی رێگە نادرێت لە شارێکی کوردیدا خەڵک بە جلوبەرگی کوردییەوە بچنە نێو تاقوەسان؟"
دواتر فۆتۆگرافەرێکی کرماشانی بەناوی خەلیل جەباری لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا بڵاوی کردەوە، "بەڕێوەبەرانی تاقوەسان گوتوویانە، پێیان وا بووە ئەو دوو کەسە بووک و زاوان، بۆیە رێگەمان نەداوە بچنە ژوورەوە".
خەلیل جەباری دەڵێت، "چ بووک و زاوایەک بە جلوبەرگی لەمجۆرەوە دەچێتە تاقوەسان؟ جگە لەوە، ئەگەر بووک و زاواش بوونایە، بۆچی دەبێت رێگری لە کەسێک بکرێت کە جلوبەرگی رەسەنی کوردی لەبەردایە؟"
یەکەمجار نییە ئەمجۆرە رووداوانە لە شاری کرماشان روودەدەن.
رۆژی 07-05-2023 بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کرماشان رێگەی بە جەلیل ئاهنگەرنەژاد، مامۆستا، رۆژنامەنووس و نووسەری خەڵکی شاری کرماشان و قوتابییەکانی نەدا بە جلوبەرگی کوردییەوە بچنە نێو قوتابخانەکەیان.
جەلیل ئاهنگەرنەژاد 30 ساڵ لە قوتابخانەکانی شاری کرماشاندا وانەی گوتووەتەوە و ئەمساڵ دوایین ساڵ بوو وانە بڵێتەوە و خانەنشین دەبوو، بەم بۆنەیەوە ویستی لە یەکێک لە دوایین رۆژەکانی وانەگوتنەوەیدا بە جلوبەرگی کوردییەوە لە پۆل ئامادە بن.
جەلیل ئاهەنگەرنەژاد و قوتابییەکانی رۆژی 07-05-2023 بە جلوبەرگی کوردییەوە ویستیان بچنە قوتابخانە، بەڵام بەشی ئەمنیی پەروەردەی کرماشان رێگەیان پێنەدان.
جەلیل ئاهنگەرنەژاد رەخنەی لە پەروەردەی کرماشان گرت و گوتی، "شاری کرماشان وەک گەورەترین شاری کوردی دێتە ئەژمار، بەڵام بۆچی لە شارێکی لەمجۆرە، دژایەتی لەگەڵ ساکارترین و سرووشتیترین مافی مرۆڤێکدا بکرێت؟"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ