لەبەردەم 10 مزگەوتی هەولێر جلوبەرگ بۆ خێزانە هەژارەکان کۆدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێک لە هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان، لەبەردەم ژمارەیەک مزگەوتی شارەکەدا چەند سندووقێکی داناوە و ئامانجیش لێی کۆکردنەوەی جلوبەرگە بۆ کەسانی هەژار. یەکەم سندووقیش لەبەردەم مزگەوتی عومەر نەقار لە گەڕەکی سەربەستیی هەولێر دانرا.
پڕۆژەکە لەژێر ناوی "بەخشینە". ئاری دڵشاد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی AOO بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو ساڵە دەستمانکردووە بە کۆکردنەوەی جلوبەرگ لە شاری هەولێر، جلەکان لە کەسنەزان دابەش دەکەین، چونکە کەمدەرامەتی زۆری لێیە و ئاوارەشی لێن."
رێکخراوی "یەکترقبووڵکردن" بە سپۆنسەریی کۆرەک تیلیکۆم، 10 سندووقی لەبەردەم 10 مزگەوت لە چەند گەڕەکێکی هەولێر داناوە.
ئاراس توتنچی، نوێنەری کۆرەک تیلکۆم دەڵێت، "بە پێویستمان زانی پاڵپشتیی پڕۆژەکە بکەین، چونکە پڕۆژەکە خێرخوازییە و بۆ خەڵکی کەمدەرامەتە، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی AOO لەبەردەم 10 مزگەوت 10 بۆکس بۆ کۆکردنەوەی جلوبەرگ دادەنێین."
پڕۆژەکە بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی ئەوقافە، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 20 سندووقی کۆکردنەوەی جلوبەرگ لەبەردەم مزگەوت و کەنیسەکان دابندرێن.
تەیب زراری، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە خێرخوازییە، بڕیارماندا وەکو وەزارەتی ئەوقاف پاڵپشتیی ئەم جۆرە پڕۆژانە بکەین، پڕۆژەکە لە چوارچێوەی پێکەوەژییانە لە هەرێمی کوردستان."
پڕۆژەی "بەخشین" ساڵی 2021 دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا 34 سندووقی کۆکردنەوەی جلوبەرگی لە سەنتەری شاری هەولێر داناوە، لە دوو ساڵی رابردووشدا تواندراوە 50 تۆن جلوبەرگ کۆبکرێتەوە و بەسەر کەمدەرامەتان دابەش بکرێت.