کوردستان
بەهۆی لافاوەکە ئاو چووەتە نێو ماڵی هاونیشتمانییان و کەلوپەلی خەڵک و خانووەکانیان زیانیان بەرکەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانی بەلێزمە لە بەشێکی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لافاو دروستبوو و هاونیشتمانییەک لە ناوچەی فەیروەرەق سەر بە شاری خۆی گیانی لەدەستدا؛ لافاو زیانی بە کشتوکاڵ، باخ و مەڕوماڵاتی هاونیشتمانییانیش گەیاند.
زەبیحوڵڵا کازمی، قایمقامی شاری خۆی دەڵێت، دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 16-7-2023 بارانێکی بەخوڕ باریوە و لەناکاو لافاو دروستبووە، بەهۆیەوە هاونیشتمانییەکی خەڵکی ناوچەی فەیروەرەق گیانی لەدەستداوە.
بەگوتەی زەبیحوڵڵا کازمی، لافاوەکە زیانی زۆری بە کشتوکاڵ و باخەکانی ناوچەی فەیروەرەق گەیاندووە و لانیکەم 100 سەر مەڕوماڵاتیش مردار بوون.
لافاوەکە زیاتر گوندەکانی میری کەندی و ئاغاسی گرتووەتەوە؛ ئاو چووەتە نێو ماڵی هاونیشتمانییان و کەلوپەلی خەڵک و خانووەکانیان زیانیان بەرکەوتووە؛ هێزەکانی مانگی سووری شاری خۆیش خێوەت و پێداویستیی دیکەیان بۆ خەڵک دابینکردووە.
لافاو تەنانەت رێگەی هاتووچۆی گوندەکانی میری کەندی و ئاغاسی داخست و کارەباشیان بڕا.
هەموو ساڵێک لە وەرزی هاویندا بارانی بەخوڕ لە ناوچە باکوورییەکانی پارێزگای ورمێ دەبارێت و زۆرجاریش لافاو دروست دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ