پیاوێکی 50 ساڵ لە هەڵەبجە دوای پێنج رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی تەرمەکەی لە کرماشان دۆزرایەوە

 
رووداو - هەڵەبجە

غازی مستەفای تەمەن 50 ساڵ، لە گوندێکی سنووری هەڵەبجە ئاژەڵدار بوو، دوای پێنج رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە؛ کەسوکاری بە شیوەن و گریان پێشوازییان لە تەرمەکەی کرد.
 
غازی دانیشتووی گوندی کانی پاشایە لە ناحیەی بەمۆ، کە تەنیا کیلۆمەترێک لە سنووری ئێرانەوە دوورە. کەسوکارەکەی دەڵێن، بۆ ئاگر کوژاندنەوە چووە بۆ چیای گوندەکە، "بەڵام تەرمەکەیمان بۆ هاتەوە."
 
غازی مستەفا لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە داد پزيشکی کرماشان توێکاری بۆ تەرمەکەی کراوە و دواتر رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.
 
سەعديە مەجيد، هاوژينی غازی مستەفا دەڵێت، "نەمانزانی ئاگر کەتووەتەوە، بۆ ئاگر کوژاندنەوە رۆیشتووە و ئيدی نەگەڕایەوە. منيش خەبەرم دا بە کەسوکاری و گوتم نەگەڕاوەتەوە، ئەو ناوە گەڕان، هيچ ديارنەبوو، مەيت ديارنەبوو، ئيدی گوتيان مەعلوم ئێران بردوويەتی. پێشتر هەر رۆیشتووە بۆ ئەوێ و سەرتريش. شوان بووە و هيچ کێشەی نەبووە."
 
سارەوان عوسمان خوشکەزای غازییە و دەستبەجێ دوای ديارنەمانی لەگەڵ کەسوکاری گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە، باس لە هۆکاری گيانلەدەست دانەکەی دەکات و دەڵێت، "يەکەم رۆژ رۆشتينە ئەو شوێنەی کە خاڵمان تێیدا بریندار کراوە؛ زياتر لە کيلۆمەترێک هاتوونەتە خاکی عێراقەوە، لەوێ بريندار کراوە و بردوويانە. ئيدی زانيمان ئێران بردوويەتی و لە رێگەی خزمانەوە رۆشتين بۆ تەرمەکە."
 
غازی مستەفا خاوەنی چوار منداڵە و ماوەی حەوت ساڵە کاری ئاژەڵداری دەکات. تائێستاش نە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق و نە لایەنی ئێرانی هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو رووداوە نەبووە.