دووسایدی سەرەکیی یەکتربڕی بەختیاری لە سلێمانی دەکرێتەوە

17-07-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دوو سایدی یەکتربڕی نزیک باخی بەختیاری لە شاری سلێمانی بکرێتەوە. گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، دوای کردنەوەی دووسایدەکە، کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت.
 
یەکتربڕی نزیک باخی بەختیاری لە شاری سلێمانی لەسەر رێگەی سەرەکیی شاری سلێمانی و تاسڵوجەیە، کە شارەکە بە پارێزگاکانی هەولێر و کەرکووک دەبەستێتەوە؛ زیاتر لە 10 مانگە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە.

 

 
رۆژی دووشەممە 17ـی تەمموزی 2023، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، قیرتاوکردنی دووسایدی چوون و هاتن لە رێگەکە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا هاتووچۆ لە رێگەکەوە دەستپێبکاتەوە.
 
بۆ دروستکردنی رێگەکە، 365 رۆژ کات دانراوە؛ زەردەشت رەفیق گوتی، ئەو دوو سایدە سەرەکییە دەکرێتەوە و هاتووچۆی تێدا دەکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت و ناوەستێت.

 

 
سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 17-7-2023) بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی، دەستكراوە بە قیرتاوكردنی دوو سایدی سەرەكیی پڕۆژەی یەکتربڕی نزیک باخی بەختیاری.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی شارەوانی سلێمانی، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە نیوەی کارەکانی تەواوکردووە. پڕۆژەکە بۆ دروستکردنی بەرزەپردێکە لە نزیک رێگەی بەکرەجۆ کە رۆژانە قەرەباڵخییەکی زۆری تێدا دروست دەبێت و ئامانجی شارەوانیش، نەهێشتنی ئەو قەرەباڵخییەیە.

 

 
ئێستا کە کارکردن لە پڕۆژەکەدا بەردەوامە؛ رێگەیەکی لاوەکی بۆ هاتووچۆی شۆفێران دروستکراوە و بەشێوەی کاتی بەکاردەهێندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە