جووتیارێک: ئەمساڵ زیانی زۆرمان بەرکەوتووە، کیلۆیەک خەیار 25 دینار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە جووتیارانی دهۆک لە بێبازاڕی و ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان بێزارن، بەتایبەت کە نرخی بەرهەمە هاوردەکراوەکان لە بەرهەمی جووتیارەکان گرانترە.
ئلیاس عومەر، جووتیارێكی دانیشتووی دهۆکە کە 70 دۆنم زەویی بە خەیار و تەماتە چاندووە و ئەو دەڵێت، "کیسەیەک خەیار بە 250 دینارە، سندووقێک تەماتە بە دوو هەزار دینارە، هیچمان بۆ نامێنێتەوە".
ئێستا وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکانە، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕن لە بەرهەمی جیاواز. کیلۆیەک خەیار بە 50-100 دینارە و تەماتەش بەهەمان شێوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی قەدەخە کردووە، بەڵام هێشتا نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە نێوخۆییەکان.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئێمە رۆژنامەیەکی کشتوکاڵیی یەکگرتوو مان نییە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەگەڵ ئەوەی کە ھەوڵەکانی ئێمە بەردەوامە و ھەنگاوی باشی بڕیوە تاوەکو ساڵی داھاتوو ئەمە دووبارە نەبێتەوە... بەیەکەوە ئەو ژینگە جیاوازەی کە ھەمانە لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق ژینگەیەکی لەبار بۆ جووتیارانمان دروست بکەین و بازاڕەکانمان واڵا بکەین بۆ بەرھەمەکانمان".
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن بەرهەمی سەوزە هەیە. نزیکەی 80٪ـی بەرهەمی نێوخۆیە و بەشەکەی دیکەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.