یەکەم بڕیار لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە لەبارەی هاوسەرۆکانی ئەو حیزبە
رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەموو دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکیی لە لاهوور شێخ جەنگیی وەردەگرێتەوە و دەدرێتە بافڵ تاڵەبانی و بڕیارەکەش لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت.
بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاڵی یەکەمی کۆنووسی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییە کە لە رۆژی 15-7-2021 لەبارەی کێشەی هاوسەرۆکانەوە بەڕێوەچوو و وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە "لەلایەن سەرجەم هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسییەوە" پەسندکراوە.
بڕیارەکەش بەمشێوەیە:
1- هاوسەرۆک لاهوور شێخ جەنگی تێکڕای دەسەڵاتەکانی دەدات بە هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی، تا کاتی تەواوبوونی هەموارکردنەوەی پەیڕەو.
2- ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجی دەکرێت.
بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دەرچووە و بۆ نووسینگەی تایبەتی هەردوو هاوسەرۆک، نووسینگەی تایبەتی بڕیاردەر و کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و نووسینگەی تایبەتی لێپرسراوی سکرتاریەتی نێردراوە.
دوای ئەوەی پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 15-7-2021 گرژییەک لەبارەی گرتنی سیخووڕ لەماڵی مام جەلال و دواتر کۆبوونەوەی لاهوور شێخ جەنگی لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان لەنێوان هاوسەرۆک روویدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی "بە بەشداریی هەردوو هاوسەرۆک"ـی حیزبەکە لە پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ کۆبووەوە.
رۆژی 08-07-2021 سەرەتای ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی دەرکەوتن و بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر گۆڕدران، دوای دوو کۆبوونەوەش لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هیچ رێککەوتنێک نەکران.
هەر لە رۆژی پێنجشەممە 15-07-2021، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی بە چەند وێنەیەکی خۆی لەسەر ئارامگەی مام جەلال، لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکان لەنێو یەکێتی و دۆخی حیزبەکەی بڵاوکردەوە و خۆی وەکو سەرۆکی یەکێتی ناوبردبوو و رایگەیاند "دواجار بڕیارە دروستەکەمان دا".