تاکە کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی جێگیر لە سلێمانی دەشێوێندرێت

 
رووداو - سلێمانی

تاکە کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی جێگیر لە سلێمانی دەشێوێندرێت و لایەنی پەیوەندیداریش راسپێردراوە بەدواداچوونی بۆ بکات.
 
بەیانیی رۆژی شەممە 17-07-2021 تاکە کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی جێگیر لە سلێمانی لەنێوان هەردوو سایدی شەقامی مەلیک مەحموود لەنزیک پردی کۆبانێ، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بە بۆیاخ شێوێندرا.
 
فەرهاد گورون، لێپرسراوی هۆبەی کامێرای چاودێریی تیژڕۆییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوە یەکەمین جار نییە هەوڵی شێواندنی ئەو کامێرایە دەدرێت کە تاکە کامێرای جێگیرە لە سلێمانی چاودێریی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێل دەکات.
 
لێپرسراوی هۆبەی کامێرای چاودێریی تیژڕۆییەکانی سلێمانی گوتیشی، سێ مانگ لەمەوبەر هەمان کار کرا و تاوەکو ئێستاش ئەنجامدەرانی نەدۆزراونەتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئاسایشی سلێمانییان ئاگادارکردووەتەوە بۆئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەن.
 
بە گوتەی فەرهاد گورون، چەندینجاریش تەقە لەو کامێرایەی چاودێری کراوە، بەڵام گوللەنەبڕە و هەربۆیەش زیانی بەرنەکەوتووە؛ گوتیشی، ئێستا کامێراکە لەکارکەوتووە، بەڵام زوو چاکی دەکەنەوە.