دوو یەکەی تایبەت بە پاراستنى شنگال گوێزرانەوە موسڵ

17-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆتایی حوزەیران بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنى پارێزگاى نەینەوا دیاریکراوە، بەڵام ئەو بڕیارە شنگال ناگرێتەوە و چارەنووسى کەمپى جەدعەى کەسوکارى چەکدارانی داعشیش دیار نییە. دوو یەکەی ئەو هێزەى یۆلیس کە دەبوو شنگال بپارێزن بۆ نێو موسڵ گوێزراونەتەوە؛ پێشنیاز کراوە سێ هێزى جیاوازیش رۆڵ لە دابینکردنی ئاسایشی جەدعە بگێڕن.
 
30ى حوزەیران لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنى پارێزگاى نەینەوا لە سوپاوە بۆ پۆلیس دیاریکراوە، ئەوەش دواى دە ساڵ لە کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن رێکخراوى داعشەوە. 
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق رایگەیاند: "ئەنبار، سەلاحەدین و نەینەوا دۆسیەى ئەمنیان رادەست دەکرێت؛ ئەگەر هەیە 10 بۆ 15 رۆژێک پرۆسەکە دوابکەوێت، هەرچەندە 30ى حوزەیران دیاریکراوە".
 
هێشتا سێبەرى مەترسی داعش لەسەر بەشێک لە پێکهاتەکانى نەینەوا ماوە کە لەکاتى کۆنترۆڵکردنى لەلایەن ئەو رێکخراوەکەوە زیانی گەورەیان بەرکەوت و بەشی زۆریان ئاوارە بوون.
 
بەر لە چوار ساڵ رێککەوتننامەیەک لەنێوان حکومەتی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیى عێراق واژۆ کرا بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شنگال. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانى دۆسیەى ئەمنى بوو و دەبوو هێزێکى پۆلیسی 2500 کەسى لە خەڵکى شارەکە بۆ پاراستنى دۆسیەى ئەمنى قەزاکە لە دواى چوونە دەرەوەى گرووپە چەکدارەکانى دیکە پێکبهێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 1500 پۆلیس دامەزراون.
 
محەممەد کاکەیی گوتى: "دوو لەو فەوجەى لەو 1500 کەسە بۆ شنگال دامەزراون، بۆ پاراستنى دوو شوێنى موسڵ گوێزراونەتەوە و 400 پۆلیسیشیان دوو ناوەندى شنگال دەپارێزن".
 
یەکێک لە ئاڵنگارییەکانى بەردەم پرۆسەى رادەستکردنى دەسەڵاتى ئەمنى لە نەینەوا، چارەنووسى کەمپى جەدعەیە لەو پارێزگایە کە زیاتر لە سێ هەزار و 800 لە کەسوکارى چەکدارانى داعشی تێدایە.
 
سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، کەمپى جەدعە هاوشێوەى شنگال دۆخێکى تایبەتى هەیە و گوتی، بوونى کەسوکارى چەکدارانى داعش "بۆمبێکى کاتییە" و هەربۆیە پێشنیازیان کردووە سێ لایەن لە پاراستنى کەمپەکەدا بەشدار بن.
 
پێشنیازەکە بەو جۆرەیە پۆلیسى خۆجێیی دەروازەى کەمپەکە بپارێزێت، دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى لەنێو جەدعە نووسینگەى هەبێت بۆ کاروبارى هەواڵگرى و سوپاى عێراقیش پشتێنەیەکى ئەمنى بە چواردەورى کەمپەکە دروست بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی بارانبارین لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسان: هێشتا پەڵەی نەداوە

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پەڵەی تەواوی نەداوە. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش لە هەولێر باس لەوە دەکات، بارانێکی دیکەی وەک 24 کاژێری رابردوو ببارێت، پەڵە دەدات.