کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا: زیاتر لە 30 سەرنشینی بەلەمە تێکشکاوەکەی ئیتاڵیا کوردن

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت زیاتر لە 30 سەرنشینی ئەو بەلەمەی شەوی رابردوو لە سنووری ئاویی ئیتاڵیا تێکشکا، کوردن و خەڵکی هەولێر و ئیدارەی راپەڕینیشیان لەنێودایە.
 
رۆژی دووشەممە 17ـی حوزەیرانی 20247، پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە فوئاد رەحیم پێشکێشی کرد و، رایگەیاند؛ "زیاتر لە 60 سەرنشین لەنێو بەلەمێکدا بوون کە لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتبوو، درەنگانی شەوی رابردوو دوای سێ رۆژ لە بەڕێکەوتنی، لە سنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا تێکشکا." 
 
پێشڕەو عەبدوڵڵا گوتی؛ "لەو ژمارەیە، 12 کەس لەلایەن پۆلیسی دەریاوانیی ئیتاڵیا رزگارکراون، بەڵام دوای چەند کاژێرێک یەک لە رزگاربووەکان کە ئافرەتێکە، گیانی لەدەستدا و لە 11 کەسەکەی دیکەش، دوو کەسیان لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان کە زۆربەیان ئەفغانستانین." 
 
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان پێیوایە زیاتر لە 30 سەرنشینی بەلەمەکە کوردن و دەشڵێت؛ "ئەوەندەی تاوەکو ئێستا لامان روونە، ماڵباتێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەلەمەکەدا بوون، کە ژمارەیان زیاتر لە 11 کەسە، هاوکات خەڵکی دیکەی باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانیشیان لەگەڵدا بووە." 
 
پێشڕەو عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات؛ خەڵکێکی زۆر لە هەولێر و دەڤەری رانیەوە وێنە و ڤیدیۆی کەسوکاریان بۆ ناردوون و دەڵێت؛ "کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە پێیان گوتووین چ کاتێک لە تورکیاوە بەرێکەوتوون و لەسەر داوای ئەوان ئێمە سۆراخی ئەو کۆچبەرانەمان کردووە."