سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: زۆربەی سەرنشینانی بەلەمە تێکشکاوەکەی ئیتاڵیا کوردن

رووداو دیجیتاڵ 

بەلەمێکی کۆچبەران بە 61 سەرنشینەوە لە نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستانیش دەڵێت زۆرینەی سەرنشینەکان کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
رۆژی دووشەممە 17ـی حوزەیرانی 2024، بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، یەختێک بە 61 سەرنشینەوە لە بۆدروومی تورکیا بەڕێکەوتووە و درەنگی شەوی رابردوو بەهۆی بەرزیی شەپۆلی دەریاوە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاوە."
 
بەکر عەلی دەڵێت "61 سەرنشین لەنێو یەختەکەدا بوون و لەو ژمارەیە 12 کەس لەلایەن پۆلیسی دەریاوانیی ئیتاڵیاوە رزگارکراون، بەڵام دوای چەند کاژێرێک یەکێک لە رزگاربووەکان گیانی لەدەستدا و 11 کەسەکەی دیکە لە نەخۆشخانەی رۆسێلا لۆنیکای ئیتاڵیا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان."
 
بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان "49 سەرنشینەکەی دیکە بێسەروشوێنن و تاوەکو ئێستاش پۆلیسی دەریاوانیی ئیتاڵیا بەدوایاندا دەگەڕێت." 
 
بەکر عەلی لەبارەی ناسنامەی سەرنشینەکانی ئەو بەلەمەوە دەڵێت "زۆربەی سەرنشینەکان کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن و ژمارەیەکی کەم خەڵکی ئەفغانستانیشیان لەگەڵدا بووە." 
 
بەگوتەی بەرپرسانی ئیتاڵیا ئەمڕۆ و دوێنی دوو بەلەمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاون، بەهۆیەوە 10 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 60 کۆچبەریش بێسەروشوێنن، هەروەها زیاتر لە 60 کۆچبەر رزگار کراون.