نووسەرێک لە بەدلیس کتێبێک بە لووت دەنووسێت

رووداو دیجتاڵ 

"شاعیری بێ پێنووس"، ئەمە ناونیشانی پەرتووکێکی هۆنراوەیە، کە نووسەرەکەی بە لووت نووسیویەتی.
 
نووسەرەکە لەڕێی مۆبایلەوە ئەم کارە دەکات، لە گوندەواری ناوچەی مۆتک ـی سەر بە پارێزگای بەدلیس.
 
محەممەد جونەیت تەمیزئەل لە زگماکییەوە دەستەکانی و بەشێک لە جەستەی ناچالاکن و ناتوانێت بەکاریان بهێنێت، هەروەها توانای قسەکردنی باش نییە، بەڵام هیچیەک لەمانە نەبوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم خەونەکانی. 
 
شاکر تەمیزئەل، باوکی نووسەرەکە دەڵێ "بە توانای خۆی دەنووسێت، شەوانە تاوەکو بەیانی ناخەوێت و کاردەکات. شانازیی پێوە دەکەم، لەبەر ئەو سەرکەوتنەی."
 
لە بەرگی کتێبەکەدا کاریکاتێری پیاوێک کێشراوە کە لووتی پێنووسە. موختاری گەڕەکەکەیان داوا دەکات، پشتیوانیی زیاتری محەممەد بکرێت.
 
محەممەد ئابیت ئاڵپیوروک، موختار دەڵێ "ئێمە وەکو خەڵکی ئەم گوندە، محەممەد شاکرمان زۆر خۆشدەوێت. کەسێکی زۆر ژیرە، خۆشەویست و بەڕێزە. جا ئێمە بە گەورە و بچووک و گەنج و پیر ئەومان خۆشدەوێت. جونەیت کەسێکی زۆر بەهرەدارە. هەوڵدەدات و ئەو پەرتووکەی نووسیوە. پێویستە پشتگیری بکرێت."
 
پەرتووکە هۆنراوەییەکەی محەممەد جونەیت تەمیزئەل لە 64 لاپەڕە پێکهاتووە و لە ماوەی مانگێکدا نووسراوە. لە منداڵیدا بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە لە قوتابخانە وەرنەگیراوە، بەڵام ئەو لە ماڵەوە و بە هەوڵی خۆی، تاوەکو قۆناخی ئامادەیی خوێندوویەتی.