بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی ریختەر شاری خۆی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند

رووداو دیجیتاڵ 

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر شاری خۆی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند.
 
رۆژی شەممە، 17ـی حوزەیرانی 2023 ناوەندی بوومەلەرزەزانیی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، کاژێر 16:00ی رۆژی شەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی ریختەر ناوەندی شاری خۆی پارێزگای ورمێی هەژاند.
 
بە گوێرەی ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران، لە ورمێ و ماکۆ و شووت و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکە هەست بە بوومەلەرزەکە کراوە.
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە زیانەکانی ئەو بوومەلەرزەیە چی بوون و بە گوتەی زەبیحوڵڵا کازمی، قایمقامی خۆی، 25 تیمی بەرگریی شارستانی فریاکەوتنی تەندروستی لە ورمێ و شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایەوە رەوانەی خۆی کراون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "تاوەکو ئێستا زیانەکانی ئەو بوومەلەرزەیە نەزانراون، بەڵام داوا لە هاووڵاتییان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لەو شوێن و باڵەخانانە بەدوور بگرن کە ئەگەری داڕمانیان هەیە".
 
لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا شەش جار بوومەلەرزە شاری خۆی هەژاندووە و دوایین بوومەلەرزەش رۆژی 25ی نیسانی 2023 بە گوڕی 5.6 پلەی ریختەر روویدا.
 
ئەو بوومەلەرزانە هەزار و 127 کەسیان بریندار کرد و زیاتر لە 11 هەزار خانوو و باڵەخانەش زیانی گەورەیان پێ گەیشت.