رووداو - کەرکووک
لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک کێشەی کەمئاوی سەریهەڵداوە و بەشێک لە خەڵک تاوەکو درەنگانی شەو لە هەوڵی ئەوەدان ئاو بگاتە بۆرییەکانیان و ئاو بگرن؛ هەندێک کات چەند خوولەکێک ئاویان پێدەگات و هەندێک کاتیش بێهیوا دەبن.
بەگیسی حەسەن، دانیشتووی رەحیماوا دەڵێت، "دەمێکە ئەم کێشەیەمان هەیە و کەس نییە بۆمان چارەسەر بکات، چەند ساڵێکە ئەمە حاڵمانە و ئاومان نییە، ئەگەر کاژێر 12 بەدواوە 20 خوولەکێک بێت، دێت، پێمان دەگات و دەبڕێت."
بەشێک لە گەڕەک و ناوچە جیاوازەکانی کەرکووک کە وەرزی هاوین دادێت دەناڵێنن بەدەست کێشەی بێئاوییەوە. خەڵکیش دەیان جار سکاڵایان گەیاندووەتە لایەنی بەرپرس.
شێرزاد عەلی، خەڵکی رەحیماوا ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو ساڵێک ئەم کێشەیە لە مانگی سێ بەدواوە دەستپێدەکات تاوەکو مانگی 11." ئەمیرە موسا، خەڵکی رەحیماوا دەڵێت، "جاری وا هەیە داوا لەو ماڵانە دەکەین سۆندەمان بدەنێ تاوەکو ئاو پڕ بکەین."
کێشەی ئەو ژمارە ماڵە لە رەحیماوا مێژووەکەی بۆ ساڵانێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام چارەیەکیان بۆ نەکراوە. فەرمانگەی دابەشکردنی ئاوی کەرکووک نایشارنەوە کە لە ژمارەیەک گەڕەک و شوێنی جیاوازی کەرکووک کێشەیان هەیە، لەوانەش بەشێکی رەحیماوا و کوردستان و پەنجا عەلی و چەند شوێنێکی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێن، دۆخی ئەمساڵ باشترە لە پار.
هیشام ئیبراهیم، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی ئاوی کەرکووک رایگەیاند، "پڕۆژەکانمان بەردەوام کار دەکات و کێشەی ئاومان نییە لە کەرکووک، هەندێک گەڕەک پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان هەیە وەکو پەنجا عەلی لەسەر بیرە، تادێ ئاوی بیرێش کەم دەکات، پڕۆژەیەکی ئاو لە پردێ لەسەر زێی بچووک دروستدەکرێ، ئەو پرۆژەیە کاری لێدەکرێت و تەواو ببێت 100% کێشەی ئاو نامێنێت."
کەرکووک دوو پڕۆژەی دابەشکردنی ئاوی لە کەیوان هەیە، هەندێک گەڕەکیش پشت بە بیر دەبەستن. ئێستا پلان هەیە پڕۆژەیەکی نوێ لە پردێ جێبەجێ بکرێت تاوەکو کێشەی ئاو لە باکووری شارەکە چارەسەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ