کۆیە رێوشوێنی نوێ بۆ بەرگرتن لە سکچوون و رشانەوە دەگرێتەبەر

17-06-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بۆ بەرگرتن لە زیادبوونی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە، ژمارەیەک رێکاریان لە خواردنگە و رێستۆرانتەکان و مزگەوت و شوێنەکانی دیکە گرتووەتە بەر. دەشڵێت، "ئەوەی پابەند نەبێت سزا دەدرێت."
 
هاوکار عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: بەهۆی بڵاوبوونەوەی زۆری پەتای سکچوون و رشانەوە لە ژمارەیەک لە ناوچەکانی کوردستان و بۆ رێگەگرتن لە زیادبوونی حاڵەتەکان، ئێمە ژمارەیەک رێوشوێنمان گرتووەتە بەر و لە ئەمڕۆوە جێبەجێ کراوە و تیمەکانمان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنەکان بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان. 
 
لەبارەی رێوشوێنەکانیشەوە، گوتی، "بەشی خۆپاراستن لە هۆبەی چاودێریی تەندروستی کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوە قەدەخە دەکات، کە لە بازاڕ و خواردنگەکان دەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەی سکچوون."
 
خواردن و خواردنەوە قەدەخەکراوەکان ئەمانەن:
 
1- سەوزە و ماستاو لە خواردنگە و چێشتخانەکان.
 
2- ئاوی بەڕاد و تەرمۆز لە شوێنە گشتییەکانی وەکو مزگەوت و ناوبازاڕ.
 
سکچوون و رشانەوە نەخۆشییەکە لە وەرزی هاویندا زیاد دەبێت و هۆکاری سەرەکی بۆ پیسی خواردن و خواردنەوەکان بەتایبەت ئاو دەگەڕێندرێتەوە، هەروەها بۆ مەلەکردن لە ئاوی پیس و نەششتنی دەستەکان بە دروستی، ماوەی چەند رۆژێکە ئەم نەخۆشییە لە پارێزگای سلێمانی زیادیکردووە. 
 
ژمارەی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە بەشێوەیەک زیادیکردووە لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا نزیکەی 3 هەزار کەس بەهۆیەوە سەردانی نەخۆشخانەکانی سلێمانییان کردووە و تەندروستی پارێزگای هەولێریش رێوشوێنەکانی توندکردووە بۆ بەرگرتن لە تووشبوونی زۆر بەو پەتایە.
 
رۆژی پێنجشەممە 16-06-2022، سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە 24 کاژێردا 670 کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە