لەبارەی گرانبوونی بەنزین داوا لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەکرێت بچێتە پەرلەمان

رووداو دیجیتاڵ
 
لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەکان بانگهێشتی لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانیی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
 
سەرکۆ ئازاد، بڕیاردەری لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەی داهاتوودا کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بانگهێشتی لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی دەکرێت و لەبارەی هۆکارەکانی گرانبوونی بەنزینەوە چەند پرسیارێکی ئاراستە دەکرێت.
 
سەرکۆ ئازاد گوتی: "گرانبوونی نەوت لە جیهان، کە ئێستا 73 دۆلاری تێپەڕاندووە، وایکردووە بەنزین گران بێت، لەلایەکی دیکەش بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە، لەکاتێکدا هاوردە بە دۆلارە و فرۆشتن بە دینارە".
 
ماوەیەکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان گرانبووە، بەنزینی سوپەر بە 900 دینار، موحەسەن 750 دینار و نۆرماڵ بە 700 دینارە.
 
بڕیاردەری لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "لە لیژنەکەمان داوامانکردووە نەوتی خاو بدرێتە کۆمپانیاکان، چونکە کۆمپانیای قەیوان دەتوانێت بەنزینی پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای کار بەنزینی پارێزگای هەولێر و کۆمپانیای لاناز بەنزینی پارێزگای دهۆک دابینبکات، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکان پێی راگەیاندین کە توانای ئەوەیان نییە".