بەنزینخانەیەک: نرخی بەنزین زیاتر بەرزبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیێنێت، نرخی بەنزین خەریکە لە هەزار دینار نزیکدەبێتەوە، دەشڵێت لەکاتێکدا پاڵاوگەكانی كوردستان نەوت و بەنزین بۆ عێراق دەپاڵێون و لیتری دەدرێت بە 450 دینار، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە 800 و 900 دینار دەیفرۆشنەوە. ئەندامێکی لیژنەکەش باس لەوە دەکات، دەبێت وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رۆڵی لە هاوردەکردنی بەنزین لە کوالێتی و نرخی بەنزین هەبێت. بەنزینخانەیەکیش دەڵێت، هەر ئەمشەو نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکاندا 50 دینار بۆ هەر لیترێک بەرزبووەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 17ی حوزەیرانی 2021، سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەرپرسان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بیانوو دەهێننەوە و دەیخەنە ئەستۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا.
 
بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەکات "پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێك بەنزی ئەوەندە بەرزە و لە عێراق و ناوچە كوردستانییەكانیش (450) دینارە و بە جێگیری ماوەتەوە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەهای دۆلاریش كاریگەریی لەسەری دروستناكات؟"
 
سەركۆ ئازاد گەڵاڵی باسی لەوەش کرد، حكومەت قازانجیەتی ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت لە ناوخۆ بیپاڵێوێت و لە ناوخۆدا بیفرۆشێتەوە، چونکە پارەی زیاتر دەستدەكەوێت، واتە ئەگەر بەرمیلێك نەوت بە دەرەوە بفرۆشێت و بەرمیلێكیش لە ناوخۆدا، ئەوا ئەوکات داهاتی ناوخۆی زۆر زیاتری دەستدەكەوێت و باشترە.
 
ئەو قسانەی ئەو پەرلەمانتارە دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە وا بڵاوکرایەوە کە نرخی بەنزین کە ماوەیەکە بەزبووەتەوە، زیاتر هەڵدەکشێت، بەشێوەیەک کە نرخی هەر لیترێک بەنزین 50 دیناری دەچێتەسەر.
 
ئێستا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان  700 دینارە و ئەگەری هەیە بۆ 750 دینار بەزببێتەوە و نرخی لیترێک بەنزینی جۆری موحەسەن لە 750 دینارەوە ببێت بە 800 دینار، لە جۆری سوپەریش نرخی لیترێکی لە 850 دینارەوە بۆ 900 دینار زیاد ببێت. دوای ئەوەی لە ساڵی رابردوودا نزیک بە 500 دیناربوو، بە پلەبەندی رێژەی زیادبوونی نرخەکە هەڵکشا.
 
رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، چوار هۆکاری وەکو فاکتەرەکانی پشت گرانبوونی نرخی بەنزین ناوبرد کە بە بۆچوونی "بەشێک لەو کۆمپانیایانەی بەنزین هاوردە دەکەن، کارەکانیان راگرتووە دوای فەرمانێکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رێکخستنەوەی بازاڕی بەنزین کە لە هەندێک لە مەرزەکان هێشتا بەنزینی کوالێتی خراپ دەهێنرێت و کاری قاچاخچێتی بە بەنزینەوە دەکرێت، هەروەها ئەو باجەی لەلایەن حکومەتەوە خراوەتەسەر بەنزین، پابەندنەبوونی دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخانە بە هاوردەکردنی بەنزین و فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، بوونی قۆرخکاری لە بازاڕی بەنزین".
 
لەبارەی چارەسەرییەکانیشەوە ئەوەی خستەڕوو "چارەسەرییەکان ئەوەیە، دەبێت بازاڕی بەنزین رێکبخرێت، واتە یان لە هیچ سنوورێکەوە بەنزین هاوردە نەکرێت، یان دەبێت لە هەموویەوە بەپێی رێنوێنییەک هاوردەبکرێت و هەمووی پێوەی پابەندبێت، لەڕووی کوالێتی و نرخەکەشیەوە".
 
رێبوار بابکەیی ئاماژە بەوەش دەکات، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت رۆڵی لە بازاڕی بەنزین و "کۆنترۆڵکردنی ئەو بێسەروبەریە" هەبێت.
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، دەبێت وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆگا و ئەمباری هەبێت و لەکاتی قەیرانەکاندا کاریگەریی لەسەر راگرتنی هاوسەنگی و رێگەگرتن لە هەڵکشانی نرخەکان هەبێت.
 
ئەوەشی بۆ رووداو ئاشکراکرد، داوایان کردووە وەزیری سامانە سرووشتییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بچێتە لیژنەکەیان و روونکردنەوە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بدات.
 
رووداو پەیوەندیی بە بەنزینخانەیەکی قەزای رانیەوە کرد و بەدواداچوونی بۆ نرخی بەنزین کرد، کە بە گوتەی ئەوان، هەر ئەمشەو نرخەکان زیادیان کردووە و بۆ هەر لیترێک نزیکەی 50 دینار بەرزبووەتەوە.