ناوی وەزیرەكەی سۆسیالیست ئاشكرادەكرێت

رووداو - هەولێر

دوای یەكلاییبوونەوەی پۆستی وەزیری كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی کوردستان، بەرپرسێكی ئەو حیزبە ناوی بەربژێرەكەیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئاشكرادەكات.

د. فەرهاد تۆفیق، راوێژكاری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند، بەربژێریان بۆ پۆستی وەزیری كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوان یەكلایی بۆتەوە، "بەربژێری ئێمە بۆ ئەو پۆستە عەبدوڵڵا حاجی مەحموودە ‌و بەپێی بەركەوتەی خۆمان چوار پۆستی دیكەش لە حكومەت وەردەگرین".

ئەو بەرپرسەی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، بە چوونی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، بۆ وەزارەتی كاروباری شەهیدان، كەسی دوومی دەرچووی لیستی سەردەم بۆ پەرلەمانی كوردستان كە باپیر كامەلا یە ‌و سكرتێری پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستانە، دەچێتە شوێنی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود ‌و دەبێتە پەرلەمانتاری خولی پێنجەم.

بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، (حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان) هاوپەیمانێتی "سەردەم" ـیان پێكهێنابوو، لە كۆتایشدا 15 هەزار و 581 دەنگی بەدەستهێنا، بەوەش بوونە خاوەنی كورسییەكی پەرلەمانی كوردستان.

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، ئێستا لەسەر لیستی سەردەم پەرلەمانتاری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە، برای محەممەد حاجی محموود ـی سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە.

لەدوای كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و محەممەد حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا مەسروور بارزانی رایگەیاند "لە كابینەی داهاتوو وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەدرێتە حیزبی سۆسیالیست".

داڕشتنەوە؛ بڕوا کیانی