مەسروور بارزانی: وەزارەتی شەهیدان دەدرێتە حیزبی سۆسیالیست

17-06-2019
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن یەکێتی کوردستان مەسروور بارزانی
A+ A-

رووداو-سلێمانی

مەسروور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشکی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی لە کابینەی داهاتوو ئاشکراکرد و گوتی: "لە کابینەی داهاتوو وەزارەتی شەهیدان دەدرێتە حیزبی سۆسیالیست".


مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێرداو بۆ پێکهێنانی حکومەت سەردانی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی کرد و لەگەڵ محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری ئەو حیزبە کۆبووەوە. لەدوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ هاتینە سلێمانی پێشتر سەردانی یەکێتیمان کرد و ئێستاش لە خزمەتی برای بەڕێزمان کاکە حەمە و مەکتەبی سیاسی حیزبی سۆسیالیستین بۆ باسکردن لە بەشداریکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەوەی وەزیرە بەڕێزەکەیان کاندید بکەن و سی ڤییەکەی ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی پێشکەشی ئێمە بکەن و ئێمەش پێشکەشی پەرلەمانی بکەین بۆ ئەوەی لە وادەی خۆیدا بتوانین کابینەکە پێکبهێنین. چەندین بابەتی دیکەش هەبوو کە ئێمە وەکو هاوپەیمان توانیمان قسەی لەسەر بکەین، زۆر سوپاسیشیان دەکەین کە ئەو دەرفەتەیان پێداین و هاتینە خزمەتی بەڕێزیان و زۆر سوپاسیان دەکەین".

دەقی پرسیار و وەڵامەکان

پرسیار: حیزبی سۆسیالیست، لە کابینەکەی ئێوە چ وەزارەتێکی بەردەکەوێت؟

مەسروور بارزانی: وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون، هی حیزبی سۆسیالیستە، هیوادارین سەرکەوتووبن.

پرسیار: سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی دەکەن بۆ بەشداریی لە حکومەت؟

مەسروور بارزانی: وابزانم بەرکەوتەکانی کابینە دیاریکراون، ئەو لایەنانەی کە پێویست بووە بەشداربن هەمووان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوەو ئەوە بڕاوەتەوە.

پرسیار: پێنەدانی ناوی بەربژێرەکان ئەمڕۆ لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، واناکات دامەزراندنی کابینەی داهاتوو دوابکەوێت؟

مەسروور بارزانی: نەخێر، چونکە ئێمە ماوەیەکی یاساییمان لەبەردەمە، کە لە رۆژی راسپاردنم 30 رۆژ دەخایەنێت، بەڵام ئێمە هیوادارین لەکاتێکی زووتریش بتوانین ئەو ناوانە ئامادە بکەین و بیدەین بە پەرلەمان بۆ ئەوەی یەکلایی بکرێتەوە.

پرسیار: سەبارەت گرێدانی پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئێوە چۆن وەڵامی یەکێتیتان داوەتەوە؟

مەسروور بارزانی: ئێمە لە یەکێتیمان نەبیستووە کە بیبەستنەوە بە پێکهێنانی حکومەت، ئەرکی ئێمە پێکهێنانی حکومەتە، بابەتی کەرکووک و هەموو ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکە، یان ئەو ناوچانەی دابڕێندراوە لە ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو لایەکمان گرنگە، ئەمە تەنیا بابەتی حیزبێکی تایبەت نییە، هەموو گرنگی بەوە دەدەین، هیوادارین بتوانین چارەسەری گونجاویش بۆ هەموو ئەو کێشانە بدۆزینەوە.

رووداو: 1ـی7 پشووی هاوینەی پەرلەمان دەستپێدەکات، ئایا ئەمە نابێتە گرفت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت؟

مەسروور بارزانی: هیوادارین بتوانین پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی خۆی تەواوی بکەین، بەڵام ئەگەر هاتوو هەر کێشە و گرفتێکیش هاتە پێش، ئەوکاتە لەگەڵ پەرلەمان قسە دەکەین بۆ ئەوەی یان کۆبوونەوەی نائاسایی ببەستن یان تەمەنی خۆیان درێژبکەنەوە تاوەکو بتوانین کابینەکە بە تەواوەتی پێکبهێنین، بەڵام هیوامان وایە پێش 30ی 6 کابینەکە ئامادە بکەین.

پرسیار: ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە حکومەت کێن؟

مەسروور بارزانی: ئەو لایەنانەن کە ئامادەیی خۆیان پیشانداوە و پێشتر رێککەوتن کراوە لەسەری".

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە