لە کەمپی دۆمیز چی سەرنجی ئەنجلینا جولی راکێشا؟

رووداو - دهۆک

ئەنجلینا جولی، باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ سێیەمجار  سەردانی شاری دهۆک و کەمپی ئاوارەکانی دۆمیزی کرد و لەگەڵ منداڵ و ژنە پەنابەرەکانی رۆژئاوای کوردستان گفتوگۆی کرد.

ئەنجلینا جولی کە هاوکات ئەکتەرێکی بەنێوبانگی هۆڵیودە، وەک رۆڵی کاریگەریی نێو فیلمەکان بە نێو کامپەکەدا گەڕا و بە چاو لەو دۆخە سەختە تێگەیشت کە لەبەر شەڕ دووچاری خەڵک بووە. 

ئەنجلینا جولی نەیهشێت هیچ کەسێک هاوڕێیەتی بکات و بە تەنیا چووە نێو خێوەت و لەگەڵ خێزانەکان قسەی کرد، ئەو لەگەڵ ژنێکی هەتیوبار و 5 منداڵەکەیدا قسەی کردووە و پێیگوتووە: "منیش دایکم و لە مەینەتیی ئێوە تێدەگەم". 

لە خیوەتێکی دیکەدا سێ کچی پەنابەر سەرنجی ئەنجلینا جولیان راکێشاوە، کە سەرباری بارگرانیی و ئاوارەیی خوێندکاری زانکۆن.

ئەنجیلینا جولی رۆژی شەممە 16ی حوزەیرانیش سەردانی موسڵی کۆنی کرد و لەوێ رایگەیاند: "بە درێژایی کارکردنم لەگەڵ یوئێن ئێچ سی ئاڕ وێرانەی وام نەبینیوە".

لە ماوەی شەش ساڵی کارکردنی وەک باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجیلینا جولی سێیەمجارە سەردانی عێراق دەکات، هەرسێ جارەکەش سەردانی کەمپی دۆمیزی کردووە لە شاری دهۆک کە تایبەتە بە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح