شاندێکى حکومەتى عێراق سەردانى کەرکووک دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەى داهاتوو شاندێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق سەردانى کەرکووک دەکات، کێشەى زەویە کشتوکاڵیەکان، موڵکداریى و مادەى 140 تاوتوێ دەکەن، دواتر راپۆرتێک لەبارەی ئەو دۆسیانە ئامادە دەکەن.
 
کەریم شوکر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، کە هاوکات ئەندامى لیژنەى چارەسەرى زەویى جووتیارانى کورد بوو لە کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەفتەى داهاتوو شاندێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق سەردانى کەرکووک دەکات، تاوتوێى کێشەى زەوییە کشتوکاڵییەکان و مادەى 140ى دەستوور دەکات.
 
رۆژی 16ى ئایار لێژنەیەک لە کەرکووک گەیشتە رێککەوتن لەبارەى کێشەى زەوییە کشتوکاڵییەکانى سەرگەڕان، بەوەى جووتیارانى کورد دروێنەى گەنمەکانیان بکەن و لە شەش مانگیشدا کێشەى مۆڵکدارى و قەرەبووکردنەوەى زەوییەکان یەکلا بکرێتەوە.
 
نەجوا کاکەیی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لیژنەکە بە سەرۆکایەتیى محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانان دەبێت و 21ى ئایار سەردانەکە دەکەن."
 
سەردانى ئەو لیژنەیە بۆ کەرکووک هاوکاتە لەگەڵ تاوتوێکردنى پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانى عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەوانەى بەهۆى هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى پێشوو، زەوییەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە، نەجوا کاکەیی گوتى: "لیژنەکەى ئەنجوومەنى وەزیران راپۆرت لە بارەى کێشەى زەوى و زار و کێشە موڵکدارییەکان ئامادە دەکات". 
 
بەگوێرەى ئامارى نووسینگەى کەرکووکى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140، ئەم ساڵ ناوى 2700 ئاوارە، کە وردبینی لە دۆسیەکانیان کراوە، بۆ لیژنەى باڵا نێردراوە، تاوەکو ئێستا چەکى قەرەبووکردنەوەی 845 کەسیان گەڕاوەتەوە.